رووداو – تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێرکاری لە سلێمانی رایگەیاند، ئەمساڵ 69 حاڵەتی هەوکردنی پەردەی مێشکی منداڵان لە سنوورەکە تۆمارکراون و سەرجەمیان چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە.
د. کۆیان زاهیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێرکاری دەریخستووە، هەوکردنی پەردەی مێشک نەخۆشییەکی نوێ نییە و ساڵانە دەیان حاڵەت تۆماردەکرێن و چارەسەر دەکرێن. هۆکارەکەشی یان بەکتریاییە یان ڤایرۆسی، بەڵام زۆرینەی جۆرەکانی ڤایرۆسین و نەخۆشەکە خۆی چاکدەبێتەوە.
بە گوتەی د. کۆیان زاهیر، لە ماوەی ئەمساڵدا لە نەخۆشخانەکەیان 61 حاڵەتی ڤایرۆسی و 8 حاڵەتی بەکتریایی هەوکردنی پەردەی مێشکی منداڵان هەبوون و سەرجەمیان دوای وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
د. کۆیان زاهیر ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربوونی رێژەی هەوکردنی پەردەی مێشکی منداڵان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق ترس و دڵەڕاوکێی لای هاونیشتمانیان دروستکردووە، بەڵام خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە سلێمانی، رێژەکە زۆر کەم و ئاساییە و ناگاتە ئاستی ئەوەی لە شار و قوتابخانە و دایەنگەکاندا بە فراوانی بڵاوببێتەوە.



