رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا پێشبینی دەکات تاوەکو ساڵی 2040، نزیکەی 51%ی هەڵگرانی ڤایرۆسی HIV لە سەرانسەری جیهاندا، تەمەنیان لە سەروو 50 ساڵەوە بێت.
توێژەرانی زانکۆی یەیڵ لە ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکەن، کەسانی بەساڵاچووی هەڵگری ڤایرۆسی HIV رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی تایبەت دەبنەوە، لەوانە: جیاکاریی پەیوەست بە تەمەن، نەخۆشییە درێژخایەنەکان و دەستنیشانکردنی درەنگوەختی نەخۆشییەکە، هەروەها زۆرجار لە هەوڵەکانی خۆپارێزی و توێژینەوەکاندا پشتگوێ دەخرێن.
توێژەرانی زانکۆ ئەمریکییەکە ئاشکرای دەکەن، پێویستە هەوڵەکانی خۆپارێزی و پشکنینی HIV بە شێوەیەکی باشتر خزمەت بە کەسانی بەساڵاچوو بگەیێنن، ئەمەش لە رێگەی باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە پشکنین، بڵاوکردنەوەی رۆشنبیریی سێکسیی و دەرمانەکانی وەک PrEP و PEP.
پرۆفیسۆر د. ویلیام شافنەر، لە بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان لە زانکۆی ڤاندەربیلت، دەڵێت: "ئەوەی کە ژمارەی کەسانی بەساڵاچووی تووشبوو بە HIV لە کەسانی گەنج زیاتر دەبێت، سەرکەوتنێکی دوولایەنەیە."
پرۆفیسۆر د. ویلیام شافنەر، گوتی "بەهۆی پێشکەوتنی چارەسەرەکان، ئەو کەسانەی HIVیان هەیە تەمەنیان درێژتر بووە و وەک کەسێکی ئاسایی دەژین، بۆیە ژمارەی تووشبووە بەساڵاچووەکان زیاد دەکات، هەڵمەتەکانی هۆشیاری بۆ گەنجان سەرکەوتوو بووە و وایکردووە کەمتر تووشی HIV ببن".
رێکارەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی HIV:
- بەکارهێنانی کۆندۆم
- پشکنینی بەردەوام
- دەرمانی پێش بەرکەوتن(PrEP)
- دەرمانی دوای بەرکەوتن(PEP)
- چارەسەر وەک خۆپارێزی(TasP)
- خۆبەدوورگرتن لە بەکارهێنانی دەرزیی هاوبەش



