رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری و رێککاری ئاشکرای دەکات، نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوری بۆ هەموو کەسێک گونجاو نییە و ئەوە بۆ چارەسەرکردنی قەڵەوی و کەمکردنەوەی کێش نییە.
د. نیژین عەبدولڕەزاق، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری و رێککاری بە رووداوی راگەیاند، مەرج نییە هەر کەسێک قەڵەو بوو ئیدی بە نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوری کێشی کەم ببێتەوە، تەنانەت گوتی: ئەوە بۆ ئەو کەسانە مەترسیدارە کە زۆر قەڵەون و هاوکۆلکەی بارستایی جەستەیان کە پێی دەگوترێ BMI لە 35 بەرەو سەرەوەیە.
چۆن دەزانیت کە قەڵەوی؟
- هاوکۆلکەی بارستایی جەستە بۆ پێوانی قەڵەوی بەکاردێت و پێوانەی قەبارەی جەستەیە بەراوردی کێش و باڵا دەکات. پێوانەکردنەکەش لەڕێگەی دابەشکردنی (کێش بە کیلۆگرام) بەسەر دووجای درێژیی باڵا بە مەتر.
- ئەگەر رێژەکە زیاتر بوو لە 30، واتە کەسەکە قەڵەوە و پێویستە وەرزش و پارێزی بکرێت و پڕۆگرامێکی چڕ دابنرێت بۆ دابەزاندنی کێش، چونکە زۆرترین مەترسیی پەیوەست بە نەخۆشییەکانی قەڵەوی هەیە.
دەقی وەڵامەکانی د. نیژین عەبدولڕەزاق لەبارەی نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوریی جەستە؛
رووداو: نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوری بۆ هەموو کەسێک گونجاوە؟
د. نیژین عەبدولڕەزاق: نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوری بۆ هەموو کەسێک گونجاو نییە و ئەوە بۆ چارەسەرکردنی قەڵەوی و کەمکردنەوەی کێش نییە، بەڵکو بۆ لابردنی چەورییە لە هەندێک ناوچەی دیاریکراوی جەستە و بۆ رێکخستنەوەی شێوەی جەستەیە. هەندێک مەرج هەیە کە پشتی پێدەبەستین وەکو 'هاوکۆلکەی بارستەی جەستە BMI کە دەبێت 35 یاخود کەمتر بێت، ئەوانەی شەکرە و بەرزەپەستانی خوێنیان هەیە پێویستە کۆنتڕۆڵ بێت، راگرتنی دەرمانەکانی شلکردنەوەی خوێن دوای راوێژ بە پسپۆڕی هەناو، دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی دڵ و چەند مەرجێکی دیکەش'.
رووداو: ئێستا پیاوان یان خانمان زیاتر دەیانەوێت نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوری بکەن؟ بۆ چ مەبەستێکیش دێنە لاتان بۆ ئەوەی بیکەن؟
د. نیژین عەبدولڕەزاق: ئێستا خانمان زیاتر نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوری دەکەن بۆ ئەوەی جەستەیان رێک ببێتەوە.
رووداو: ئەو چەورییەی کە دەردەهێندرێت، دەگوازرێتەوە بۆ بەشێکی دیکەی جەستە بۆ ئەوەی بەشەکەی دیکەی جەستەی پێ قەڵەو بکرێت یاخود بەکەڵک نایەت و فڕێدەدرێت؟
د. نیژین عەبدولڕەزاق: ئەو چەورییە لە جەستەدا دەردەهێندرێت، دەتواندرێت بەکاربێت بۆ بەشێکی دیکەی جەستە ئەمەش دوای پاککردنەوە و ئامادەکردنی، ئامانجەکەش بۆ باشترکردنی هاوسەنگی جەستە و دەرخستنی جوانتریەتی.
رووداو: چیرۆکی چارەخوازێک باس بکە کە هەڵە تێگەیشتووە لە نەشتەرگەرییەکە یاخود کێشەیەکی جیدی بەسەرداهاتبێت کە هۆکارەکەی نەبوونی ئاستی هۆشیاریی بووە لەبارەی نەشتەرگەرییەکە؟
د. نیژین عەبدولڕەزاق: رۆژێکیان چارەخوازێکم لە چلەکانی تەمەنی بوو، کێشی 110 کیلۆگرام و باڵای 160 سانتیمەتر بوو؛ هاوکۆلکەی بارستەی جەستەکەی واتە BMIـیەکەی 42.9 بوو کە قەڵەوییەکی زۆر زۆرە. هاتبوو بۆ ئەوەی بە نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوری، کێشی داببەزێنێت، لەکاتێکدا ئەو بە هەڵە لە نەشتەرگەرییەکە تێگەیشتبوو، چونکە مەحاڵە دەرهێنانی چەوری بۆ ئەوانە بکرێت کە هاوکۆلکەی بارستەی جەستەیان لە 35 یان 40 زیاترە و باش نییە. بەڵام ئەو خانمە وا تێگەیشتبوو، ئیدی بۆمان روون کردەوە و لە بری ئەوە پێشنیازم بۆی کرد، بچێت بڕینی گەدە بکات، یاخود لەژێر راوێژی پزیشکێکی خۆراکی رێژیمێکی خۆراکی و وەرزشی پەیڕەو بکات بۆ ئەوەی کێشی بگاتە ئاستێک کە گونجاوبێت بۆ دەرهێنانی چەوری و رێککاریی جەستەی.



