رووداو - تەندروستی
ژمارەیەک لە خاوەن دەرمانخانە و نۆرینگە لە سنووری شارەزوور و هەڵەبجە، گلەیی لە رێکارەکانی لیژنەی تەندروستیی سلێمانی دەکەن و کارکردنیان سنووردارکراوە و رووبەڕووی چەندین کێشە بوونەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 23-11-2026 میران سەلاح، یاریدەدەری دەرمانساز و خاوەن نۆرینگەیەک لە هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە شاری سلێمانی نۆرینگەکان ناچارکراون کە لە کۆگای دەرمانی دیاریکراو دەرمان بکڕن، بەڵام ئێمە لە شارەزوور داوا دەکەین لە هەڵبژاردنی کۆگاکان ئازاد بین.
میران سەلاح، دەڵێت "داوامان کردووە ژمارەی ئەو دەرمانانەی لە نۆرینگەکاندا بەردەستن لە 18 جۆرەوە زیاد بکرێن بۆ ئەوەی بتوانین کارەکان باشتر بەڕێوەببەین".
شاهید خەلیل، خاوەن دەرمانخانەیەک لە هەڵەبجەی تازە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە تەواوی ناوچەی شارەزووردا ژمارەی پزیشکی دەرمانساز کەمە و بە دەستیان ناکەوێت. لیژنەی تەندروستی سلێمانی فشارێکی زۆریان بۆ دەهێنێت کە دەبێت پزیشکی دەرمانسازیان هەبێت، ئەگەرنا بە بڕی 2.5 ملیۆن دینار سزا دەدرێن و دەرمانخانەکانیان دادەخرێت.



