رووداو - تەندروستی
بەپێی دوو تاقیکردنەوەی کلینیکی، دەرمانی نوێیی ریتاتروتاید (Retatrutide) بە شێوەی دەرزی کە لە ژێر پێست دەدرێت و هەفتانە بەکاردێت، کێشی جەستە دادەبەزێنێت و ئازاری ئەژنۆ کەمدەکاتەوە.
پڕۆفیسۆر د. تۆماس سنیتزەر، پسپۆڕی چارەسەری فیزیایی و شیاندنەوە لە زانکۆی نۆرسوێستەرن رایگەیاند، دوو تاقیکردنەوەی کلینیکی لەسەر زیاتر لە هەزار کەسی قەڵەو کە ئازاری سەوەفانی ئەژنۆیان هەبوو، ئەنجامدراون.
بەپێی ئەنجامەکان، بەرزترین ژەمی هەفتانەی دەرمانی ریتاتروتاید بووەتە هۆی دابەزینی کێش بە تێکڕای نزیکەی 25%. هەروەها، نزیکەی دوو لەسەر سێی بەشداربووان کە دەرمانەکەیان وەرگرتووە، ئازاری ئەژنۆیان بە رێژەی لانیکەم 50% کەمبووەتەوە.
کۆمپانیای بەرهەمهێنەر ئێلی لیلی (Eli Lilly) پلانی هەیە لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2027 داواکاری پێشکەش بکات بۆ وەرگرتنی رەزامەندی فەرمی لە دەزگەی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا بۆ ئەم دەرمانە.
پسپۆڕان رێنوێنی دەدەن، پێش بەکارهێنانی هەر دەرمانێکی نوێ بۆ دابەزاندنی کێش، پێویستە راوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکرێت، بەتایبەت بۆ دەرمانی ریتاتروتاید کە هێشتا لە قۆناخی تاقیکردنەوەدایە و کاریگەرییە درێژخایەنەکانی لەسەر جومگەکان بە تەواوی روون نییە.



