رووداو - تەندروستی
لە چەمچەماڵ جگە لە گرفتی نۆژەنکردنەوەی بنکەی تەندروستی، کۆمەڵێک گرفتی دیکەش لە کەرتی تەندروستی هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22-11-2026 د. نورەدین جەلال، بەڕێوەبەری تەندروستیی قەزای چەمچەماڵ، هۆشداری دەدات لە کەمیی سووتەمەنی و دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە سنوورەکە رایدەگەیێنێت، بەهۆی قەیرانەکانەوە رووبەڕووی کێشەی گەورە بوونەتەوە و بەشێک لە ئامێرە پزیشکییەکانیان لەکارکەوتوون.
د. نورەدین جەلال، دەڵێت "گرفتمان لە دابینکردنی سووتەمەنی هەیە، ئەوەی کە ئێستا هەیە تەنیا بەشی دوو بۆ سێ رۆژ دەکات و 50%ی پێویستییەکانمان پڕدەکاتەوە".
بەڕێوەبەری تەندروستیی قەزای چەمچەماڵ ئاماژە دەدات، بۆ چارەسەرکردنی کاتیی کێشەکە، بڕی 6 ملیۆن دیناری قەرز کردووە، بەڵام گرفتمان لە دابینکردنی کارەبای نەخۆشخانە هەیە و زۆربەی نەخۆشخانەکان کارەبای 24 کاژێریان نییە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ، بودجەیەکی دیاریکراویان هەیە، بەڵام پێش ئەوەی بەنزین گرانبێت، 20%ی ئەو بودجەیەیان لێبڕین.
سەبارەت بە کێشەی ئامێرە پزیشکییەکان، د. نورەدین دەڵێت: دەرمان و پێداویستیی پزیشکیمان نییە، ئامێری MRIـیەکەمان شکاوە و پێویستی بە 11 ملیۆن دینار هەیە بۆ چاککردنەوە، ئەگەر چاکی نەکەینەوە، ئەوە بەتەواوی لەکار دەکەوێت. هەروەها، گرفتیان لە ژووری نەشتەرگەریشدا هەیە.
یەکێکی دیکە لە کێشەکانی مەترسیی داخرانی بنکەیەکی تەندروستیی ئەوەیە، مەڵبەندی تەندروستیی راپەڕین کە مانگانە نزیکەی 3 هەزار نەخۆش سەردانی دەکەن، چەندین جار داوای نۆژەنکردنەوەیمان کردووە، بەڵام ئێستا دەڵێن دەبێت دابخرێت.



