رووداو- تەندروستی
نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری، بۆ یەکەمجار نوێترین ئامێری پزیشکی لە بواری گۆڕین و پاڵاوتنی پلازما (Plasmapheresis) و شووشتنی بەردەوامی گورچیلە (CRRT) دابینکرد.
قاسم سەعید، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری بە رووداوی راگەیاند، "بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی چاودێری و چارەسەری نەخۆشانەکەمان، بۆ یەکەمجار ئەم ئامێرە پێشکەوتووەمان دابین کردووە."
قاسم سەعید گوتیشی، ئامێرەکە خوێن خاوێن دەکاتەوە و تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە تووشی هەوکردنی خوێن بوون و پزیشکی پسپۆڕ بۆیان دەنووسێت، ئامێرەکە لە بەشی شووشتنی گورچیلە دانراوە و زۆر پێشکەوتووە.
سەبارەت بە تێچووی چارەسەرییەکە، قاسم سەعید ئاشکرای کرد، "بۆ هەر نەخۆشێک 3 جار شووشتنی خوێن بەبێ بەرامبەر ئەنجام دەدرێت و هەموو پێداویستییەکانیش لەسەر ئەرکی نەخۆشخانە دابین دەکرێت."


