رووداو- تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی کۆپنهاگن دەریدەخات، خواردنەوەی قاوە نەک تەنیا کاریگەری لەسەر بەکتریاکانی ریخۆڵە هەیە، بەڵکو شێوازی کارکردنی ریخۆڵەش دەگۆڕێت، کە رەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری باشتر بۆ قەبزی.
توێژەرانی زانکۆ دانیمارکییەکە لە رێگەی کەپسولێکی ئەلیکترۆنییەوە پێوانەی چالاکیی کۆئەندامی هەرسکردنی ژمارەیەک کەسی تەندروستیان کرد و بۆیان دەرکەوت، ئەو کەسانەی قاوە زۆر دەخۆنەوە، هەمەجۆریی بەکتریاکانی ریخۆڵەیان زیاترە و گرژبوونی کۆڵۆنیان زیاترە.
د. فرانسیسکا بوچی، یەکێک لە توێژەران، دەڵێت،" ئاستی ترشێتی (pH) لە ریخۆڵە باریکەی ئەو کەسانەدا نزمترە کە قاوە زۆر دەخۆنەوە، بەڵام هێشتا دڵنیا نین کە ئایا ئەمە سوودبەخشە یان زیانبەخش".
د. فرانسیسکا بوچی گوتی "گرژبوونی زیاتری ریخۆڵەکان یارمەتیی هەرسکردنێکی تەندروست دەدات و رێگری لە قەبزی دەکات."
د. هێنریک مەنچ پسپۆڕی خۆراک دەڵێت، "پێشتر زانراوە کە قاوە کاریگەریی لەسەر پرۆسەکانی کۆئەندامی هەرس هەیە، بۆیە هۆکاری باش هەن بۆ ئەوەی بڕوا بکەین کە ئەوەی دەیبینین تەنیا رێکەوت نییە."


