رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی پەیمانگەی جۆرج بۆ تەندروستیی جیهانی، کە بارەگای سەرەکیی لە ئوسترالیایە دەریدەخات، جێگرتنەوەی خوێی ئاسایی چێشت بە جۆرێکی دەوڵەمەندکراو بە پۆتاسیۆم، دەتوانێت ساڵانە رێگری لە ملیۆنان حاڵەتی تووشبوون و گیان لە دەستدان بە نەخۆشییەکانی دڵ، لوولەکانی خوێن و گورچیلە بکات لەسەر ئاستی جیهان.
توێژەران لە پەیمانگەی جۆرج لە ئوسترالیایە، لێکۆڵینەوەیان لە کاریگەرییەکانی ئەم جێگرتنەوەیە لە 193 وڵاتدا کردووە. دەرەنجامەکانیان، کە لە گۆڤاری Nature Health بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم گۆڕانکارییە سادەیە دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەی ئەرێنی لەسەر تەندروستیی گشتی هەبێت.
توێژەرانی پەیمانگەکە، رایانگەیاند: "خۆراکی مۆدێرن زیاتر سۆدیۆمی بەرزە و پۆتاسیۆمی کەمە، ئەمەش پەستانی خوێن بەرز دەکاتەوە کە هۆکارێکی سەرەکیی مەترسییە بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و گورچیلە".
خوێی دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆم بە جێگرتنەوەی بەشێک لە کلۆرایدی سۆدیۆم (خوێی ئاسایی) بە کلۆرایدی پۆتاسیۆم دروست دەکرێت. ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ کۆنترۆڵکردنی پەستانی خوێن.
د. پۆلی هوانگ توێژەری سەرەکی توێژینەوەکە، گوتی: "تاقیکردنەوە کلینیکییەکان سەلماندوویانە کە خوێی دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆم پەستانی خوێن دادەبەزێنێت. بۆ نموونە، توێژینەوەییەک لە چین دەریخست کە ئەم جێگرەوەیە مەترسیی جەڵتەی مێشکی بە رێژەی 14% و مردنی گشتیی بە رێژەی 12% کەمکردووەتەوە".
د. پۆلی هوانگ، جەختی لەوە کردەوە کە سوودەکان تەنیا بۆ ئەو کەسانە نین کە گوشاری خوێنیان بەرزە. ئەو گوتی: "کەمکردنەوەی سۆدیۆم و زیادکردنی پۆتاسیۆم لە تەمەنێکی زووتردا یارمەتیدەرە بۆ هێواشکردنەوەی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لەگەڵ تەمەندا."

.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
