رووداو - تەندروستی
سەرۆکی بۆردی فیدراسیۆنی زانستی و پزیشکیی کوردستان لە بەریتانیا ئاشکرای دەکات، لەم کۆنفڕانسە نوێترین چارەسەری نەخۆشییە دەگمەنەکان باس دەکرێن کە بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان هیچ ئامارێکی ورد نییە بۆ ئەوەی توێژینەوەیان لەسەر بکرێت.
ئەمڕۆ شەممە 7-11-2026 د. هێرۆ خۆشناو، سەرۆکی بۆردی فیدراسیۆنی زانستی و پزیشکیی کوردستان لە بەریتانیا لەکاتی کۆنفڕانسەکەیاندا بە رووداوی راگەیاند، ئەمە سێیەمین کۆنفڕانسی فیدراسیۆنەکەیە و دەیانەوێت نوێترین پێشکەوتن و نوێگەرییەکانی بواری پزیشکی و زانستی گشتی دەربخەن بۆ پسپۆڕانی کورد لە بواری پزیشکانی و زانستی.
د. هێرۆ خۆشناو روونی دەکاتەوە، پێویستە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بایەخی زیاتر بە ئامار بدات بۆ ئەوەی چارەسەری و مامەڵەی دروست لەگەڵ ئەو نەخۆشییانەدا بکرێت کە ئەگەری بنبڕکردن و کۆنتڕۆڵکردنیان هەیە.
فیدراسیۆنەکە باسی ئەوەشی تێدا کرا کە هەرێمی کوردستان پێویستیی بە توێژینەوە و وردبوونەوەی زیاترە لەبارەی نەخۆشییە دەگمەنەکان کە نەخۆشییەک بە نموونە دەهێنێتەوە بەناوی Spinal Muscular Atrophy، کە ئەمەش نەخۆشییەکی بۆماوەیی دەگمەنە و لەکۆی 6 هەزار بۆ 10 هەزار لەدایکبوون یەکێکیان تووشی ئەم نەخۆشییە دەبێت کە ئەم نەخۆشییە لە هەرێمی کوردستان و عێراقیشدا هەیە.
ئەم کۆنفڕانسە چییە؟
کۆنفڕانسی فیدراسیۆنی پزیشکی و زانستیی کوردستان لە بەریتانیا ئەمڕۆ 7ـی 11 دەستیپێکرد؛ درووشمی ئەمساڵ، "داڕشتنی داهاتوو لە رێگەی داهێنانی پزیشکی و زانستییەوە" بوو کە رەنگدانەوەی ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەیە لە بواری پزیشکی و زانستدا روودەدات.
ئەم کۆنفڕانسە سێیەمینە کە لە لەندەن ئەنجامدەدرێت و کەسانی پیشەگەر، توێژەر، زانا و پزیشک کۆ دەکاتەوە کە خولیایەکی هاوبەشیان بۆ پێشخستنی زانست و وەرگێڕانی داهێنان بۆ باشترکردنی بەرهەمداری کەرتی تەندروستی هەیە. لە رێگەی پێشکێشکردنی بابەتە سەرنجڕاکێشەکان، گفتوگۆی ورد و ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکە و ئەزموونەکانیان ژینگەیەکی هاندەر بۆ فێربوون، هاوئاهەنگی و دۆزینەوە دەخوڵقێنن.
فیدراسیۆنەکە دەنگی پزیشکان، کارمەندانی کەرتی تەندروستی، ئەکادیمیستەکان، زانایان و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکانی کوردە کە لە دەرەوەی کوردستان نیشتەجێن. ئەرکی سەرەکیی برەودانە بە هاوکاری، یەکڕیزی و نایابی لەنێوان ئەندامەکان، لەگەڵ پێشخستنی ستانداردەکانی چاودێریی تەندروستی و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان.
د. هێرۆ خۆشناو، سەرۆکی بۆردی فیدراسیۆنی زانستی و پزیشکیی کوردستان لە بەریتانیا بە رووداوی راگەیاند، ئەمە سێیەمین کۆنفڕانسی فیدراسیۆنەکەیە و دەیانەوێت نوێترین پێشکەوتن و نوێگەرییەکانی بواری پزیشکی و زانستی گشتی دەربخەن بۆ پسپۆڕانی کورد لە بواری پزیشکانی و زانستی.
فیدراسیۆنی پزیشکی و زانستیی کوردستان لە بەریتانیا لە ساڵی 1988ـەوە دامەزراوە و ئامانج لێی وردبوونەوەی پزیشکانی کورد بووە لە هەموو پارچەکانی کوردستان بۆ ئەوەی زانست ئاڵووگۆڕ بکەن، پاشانیش چەندین پێشنیاز و دەرخستەیان بۆ بەرپرسان و کاربەدەستدانی کەرتی پزیشکی و زانستیی هەرێمی کوردستان ناردووەتەوە بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونی بەریتانیا و وڵاتانی ئەورووپا لە بەڕێوەبردنی کارگێڕیی وڵاتدا وەربگرن.

.jpeg&w=3840&q=75)
