رووداو - تەندروستی
کۆنفڕانسی فیدراسیۆنی پزیشکی و زانستیی کوردستان لە بەریتانیا بە درووشمی ئەمساڵ، "داڕشتنی داهاتوو لە رێگەی داهێنانی پزیشکی و زانستییەوە" دەبێت کە رەنگدانەوەی ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەیە لە بواری پزیشکی و زانستدا روودەدات.
ئەمڕۆ شەممە 07-11-2026 د. سایە عوسمان، سەرۆکی بەشی زانستیی فیدراسیۆنی پزیشکی و زانستیی کوردستان لە بەریتانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆنفڕانسی فیدراسیۆنی پزیشکی و زانستیی کوردستان لە بەریتانیا گرنگی خۆی هەیە لە بەهێز کردنی پەیوەندی نێوان پزیشکانی دەرەوەی وڵات بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانست و بەهێز کردنی لایەنی کۆمەڵایەتی.
د. سایە عوسمان، دەڵێت "پزیشکانی دەرەوەی وڵات هەردەم هاوکاریی پزیشکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و پەیوەندی باشمان هەیە لەگەڵ زانکۆکان".
سەرۆکی بەشی زانستیی فیدراسیۆنی پزیشکی ئاماژە دەدات، ئێمەی پزیشکانی دەرەوەی وڵات بێجگە لە کاری زانستی کە کاری خێریش دەکەین، کاتێک چەند بۆنەیەک ئەنجام دەدەین لە ئەورووپا و پارەکەی کۆ دەکەینەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە لە کوردستان.



