رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی پێستی فیدراسیۆنی پزیشکی و زانستیی کوردستان لە بەریتانیا رایدەگەیێنێت، هەر کاتێک خاڵی سەر پێست گۆڕدرا یاخود خوران و دەردراوی دروستکرد، ئەوا بە زووترین کات پزیشکی پسپۆڕ ببیندرێت.
ئەمڕۆ شەممە 7-11-2026 د. رەنگین کە پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکارییە هۆشدارییەکی بەریتانیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی پێست دەخاتەڕوو و دەڵێت: هەر گۆڕانکارییەک بەتایبەت لە خاڵی سەر پێستدا گۆڕا راستەوخۆ پزیشکی پسپۆڕ ئاگادار بکرێتەوە.
ئەو پسپۆڕە کە چاکبووەوەی شێرپەنجەیە باسی ئەوە دەکات کە پاڵپشتییە حکومییەکان وایان کردووە نەخۆشانی شێرپەنجە ئەرکیان کەمتر ببێتەوە لە بەریتانیا، هەر بۆیە بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هاوکاریی نەخۆشانی شێرپەنجە بکەن، بۆ ئەوەی باشتر چاک ببنەوە.
ئەم کۆنفڕانسە چییە؟
کۆنفڕانسی فیدراسیۆنی پزیشکی و زانستیی کوردستان لە بەریتانیا ئەمڕۆ 7ـی 11 دەستیپێکرد؛ درووشمی ئەمساڵ، "داڕشتنی داهاتوو لە رێگەی داهێنانی پزیشکی و زانستییەوە" بوو کە رەنگدانەوەی ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەیە لە بواری پزیشکی و زانستدا روودەدات.
ئەم کۆنفڕانسە سێیەمینە کە لە لەندەن ئەنجامدەدرێت و کەسانی پیشەگەر، توێژەر، زانا و پزیشک کۆ دەکاتەوە کە خولیایەکی هاوبەشیان بۆ پێشخستنی زانست و وەرگێڕانی داهێنان بۆ باشترکردنی بەرهەمداری کەرتی تەندروستی هەیە. لە رێگەی پێشکێشکردنی بابەتە سەرنجڕاکێشەکان، گفتوگۆی ورد و ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکە و ئەزموونەکانیان ژینگەیەکی هاندەر بۆ فێربوون، هاوئاهەنگی و دۆزینەوە دەخوڵقێنن.
فیدراسیۆنەکە دەنگی پزیشکان، کارمەندانی کەرتی تەندروستی، ئەکادیمیستەکان، زانایان و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکانی کوردە کە لە دەرەوەی کوردستان نیشتەجێن. ئەرکی سەرەکیی برەودانە بە هاوکاری، یەکڕیزی و نایابی لەنێوان ئەندامەکان، لەگەڵ پێشخستنی ستانداردەکانی چاودێریی تەندروستی و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان.
د. هێرۆ خۆشناو، سەرۆکی بۆردی فیدراسیۆنی زانستی و پزیشکیی کوردستان لە بەریتانیا بە رووداوی راگەیاند، ئەمە سێیەمین کۆنفڕانسی فیدراسیۆنەکەیە و دەیانەوێت نوێترین پێشکەوتن و نوێگەرییەکانی بواری پزیشکی و زانستی گشتی دەربخەن بۆ پسپۆڕانی کورد لە بواری پزیشکانی و زانستی.
فیدراسیۆنی پزیشکی و زانستیی کوردستان لە بەریتانیا لە ساڵی 1988ـەوە دامەزراوە و ئامانج لێی وردبوونەوەی پزیشکانی کورد بووە لە هەموو پارچەکانی کوردستان بۆ ئەوەی زانست ئاڵووگۆڕ بکەن، پاشانیش چەندین پێشنیاز و دەرخستەیان بۆ بەرپرسان و کاربەدەستدانی کەرتی پزیشکی و زانستیی هەرێمی کوردستان ناردووەتەوە بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونی بەریتانیا و وڵاتانی ئەورووپا لە بەڕێوەبردنی کارگێڕیی وڵاتدا وەربگرن.


.jpeg&w=3840&q=75)