رووداو - تەندروستی
ئەندامێکی فیدراسیۆنی پزیشکی و زانستیی کوردستان لە بەریتانیا رایدەگەیێنێت، فیدراسیۆنەکەیان بایەخ بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی دیاسپۆڕا دەدات بۆ ئەوەی پزیشکان و پسپۆڕانی کورد بەکاریان بهێنن و بیگوازنەوە بۆ هەرێمی کوردستانیش.
ئەمڕۆ شەممە 7-11-2026 د. حەمە عەتار، ئەندام لە فیدراسیۆنی پزیشکی و زانستیی کوردستان لە بەریتانیا بە رووداوی راگەیاند، فیدراسیۆنەکە چەترێکە بۆ کۆبوونەوەی پزیشکان و پسپۆڕانی کورد لە وڵاتانی دەرەوە و ئەم ساڵ جەخت لە لایەنی داهێنان دەکەینەوە لە بواری پزیشکی و زانستیدا.
ئەوان ئەوەش باس دەکەن کە لەگەڵ هەموو زانکۆکانی هەرێمی کوردستان پەیوەندییان هەیە و دەیانەوێت ئەوانیش لە رێنوێنی و زانیارییەکان سوودمەند بن.
کۆنفڕانسی فیدراسیۆنی پزیشکی و زانستیی کوردستان لە بەریتانیا ئەمڕۆ 7ـی 11 دەستیپێکرد؛ درووشمی ئەمساڵ، "داڕشتنی داهاتوو لە رێگەی داهێنانی پزیشکی و زانستییەوە" دەبێت کە رەنگدانەوەی ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەیە لە بواری پزیشکی و زانستدا روودەدات.
ئەم کۆنفڕانسە کەسانی پیشەگەر، توێژەر، زانا و پزیشک کۆ دەکاتەوە کە خولیایەکی هاوبەشیان بۆ پێشخستنی زانست و وەرگێڕانی داهێنان بۆ باشترکردنی بەرهەمداری کەرتی تەندروستی هەیە. لە رێگەی پێشکێشکردنی بابەتە سەرنجڕاکێشەکان، گفتوگۆی ورد و ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکە و ئەزموونەکانیان ژینگەیەکی هاندەر بۆ فێربوون، هاوئاهەنگی و دۆزینەوە دەخوڵقێنن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەریان دەبێت لەو کۆنفڕانسە. فیدراسیۆنەکە دەنگی پزیشکان، کارمەندانی کەرتی تەندروستی، ئەکادیمیستەکان، زانایان و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکانی کوردە کە لە دەرەوەی کوردستان نیشتەجێن. ئەرکی سەرەکیی برەودانە بە هاوکاری، یەکڕیزی و نایابی لەنێوان ئەندامەکان، لەگەڵ پێشخستنی ستانداردەکانی چاودێریی تەندروستی و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان.
د. هێرۆ خۆشناو، سەرۆکی بۆردی فیدراسیۆنی زانستی و پزیشکیی کوردستان لە بەریتانیا بە رووداوی راگەیاند، ئەمە سێیەمین کۆنفڕانسی فیدراسیۆنەکەیە و دەیانەوێت نوێترین پێشکەوتن و نوێگەرییەکانی بواری پزیشکی و زانستی گشتی دەربخەن بۆ پسپۆڕانی کورد لە بواری پزیشکانی و زانستی.
فیدراسیۆنی پزیشکی و زانستیی کوردستان لە بەریتانیا لە ساڵی 1988ـەوە دامەزراوە و ئامانج لێی وردبوونەوەی پزیشکانی کورد بووە لە هەموو پارچەکانی کوردستان بۆ ئەوەی زانست ئاڵووگۆڕ بکەن، پاشانیش چەندین پێشنیاز و دەرخستەیان بۆ بەرپرسان و کاربەدەستدانی کەرتی پزیشکی و زانستیی هەرێمی کوردستان ناردووەتەوە بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونی بەریتانیا و وڵاتانی ئەورووپا لە بەڕێوەبردنی کارگێڕیی وڵاتدا وەربگرن.
کۆنفڕانسی فیدراسیۆنی پزیشکی و زانستیی کوردستان لە بەریتانیا ئەمڕۆ 7ـی 11 لە Hilton London Syon Park لە کاژێر 9ـی بەیانی بۆ 7ـی ئێوارە بە کاتی بەریتانیا ئەنجامدەدرێت کە هاوکاتە لەگەڵ کاژێر 12ـی نیوەڕۆ بۆ 10ـی شەو بە کاتی هەولێر.


.jpeg&w=3840&q=75)