رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی قوتابخانەی تەندروستیی گشتیی جۆنز هۆپکینز لە ئەمریکا دەریدەخات، خەوتن لە رۆژدا لەوانەیە هۆکارێک بێت بۆ زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە لە کەسانی بەساڵاچوودا.
د.کینینگ جیانگ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: خەوتن لە رۆژدا ئەگەری هەیە ببێتە هۆی تێکچوونی خەوی شەوانە، کە ئەمەش مەترسی لەبیرچوونەوە زیاد دەکات.
توێژەرانی زانکۆ ئەمریکییەکە دەڵێن: ئەو بەشداربووانەی کە زۆرترین کات لە رۆژدا خەوتوون 48٪ مەترسیی تووشبوونیان بە لەبیرچوونەوە زیاتر بووە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی کە بەدەگمەن خەوتوون یان هەر نەخەوتوون.
د. زیشان خان، سەرۆکی پزیشکیی بەساڵاچووان لە سەنتەری پزیشکیی زانکۆی جێرسی شۆر، چەند رێنماییەک بۆ باشترکردنی خەوی شەوانە دەخاتەڕوو، لەوانە:
- دانانی خشتەیەکی رێکی خەوتن و هەستان
- بەرکەوتن بە تیشکی خۆر لە بەیانیاندا
- خۆبەدوورگرتن لە خواردنەوەی کافاین لە پێش خەوتندا
- خەوتن لە ژوورێکی ئارام، فێنک و تاریک


