رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا دەریخستووە، دەرمانێکی هاوشێوەی ڤیاگرا کە بۆ چارەسەری کێشەی رەپنەبوونی چووک بەکاردێت، یارمەتیی خانەکانی ماسولکە دەدات ئامادەبن بۆ چاکبوونەوە و نوێبوونەوە.
بەپێی توێژینەوەکەی زانکۆی فۆرۆ لە ئیتاڵیا، تادالافیل کە دەرمانێکی نزیکە لە ڤیاگرا، بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی رەپنەبوونی چووک و نیشانەکانی گەورەبوونی پڕۆستات بەکاردەهێنرێت. هەندێک وەرزشکاریش بۆ چارەسەری بەرزیی پەستانی خوێنی خوێنبەری سییەکان بەکاریدەهێنن، کە حاڵەتێکە و توانای وەرزشکردن کەمدەکاتەوە.
پزیشکانی زانکۆی ئیتاڵیەکە، لێکۆڵینەوەیان لە بەکارهێنانی تادالافیل کردووە وەک چارەسەرێک بۆ نەخۆشییەکانی وەک پوکانەوەی ماسولکە، بەهۆی توانای لە باشترکردنی سووڕی خوێندا. بەڵام ئەم توێژینەوەیە بۆ یەکەمجار کاریگەرییە درێژخایەنەکانی لەسەر نوێبوونەوەی خانەکانی ماسولکە دەخاتەڕوو.
تادالافیل رێگری لە پێگەیشتنی خێرای خانە پێشینەکانی ماسولکە دەکات و لە دۆخێکی "ئامادەباشی"دا دەیانهێڵێتەوە بۆ چاککردنەوەی هەر زیانێک کە لە داهاتوودا رووبدات. هەروەها دەردانی مادەیەک زیاد دەکات کە خانە بنەڕەتییەکانی ماسولکە چالاک دەکات.



