رووداو - تەندروستی
وەرزی پاییزە و دەمێک خۆرەتاو و دەمێک بارانە، لەکاتی گۆڕینی وەرز بەتایبەت پاییز بۆ زستان کۆمەڵێک نەخۆشی وەکو پەتای وەرزی تووشی مرۆڤ دەبن کە باوترینیان نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانی کۆئەندامی هەناسەیە.
جگە لەوەش کێشەکانی پێست وەکو وشکبوونەوەی پێست و هەستاریش دەبنە کێشەی باوی وەرزی پاییز.
د. شاخەوان محەممەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری هۆشداری دەداتە لەوەی کە هەر کەسێک پێویستە بایەخ بە کرێمی شێدارکەرەوە بدات و ئەو شتانە بەکارنەهێندرێن کە دەبنە هۆی وشکبوونەوە و هەستیاریی پێست بەتایبەت لیفکە و کەلوپەلی زبر بۆ پاککردنەوەی پێست.
باشترین رێگەکانی کەمکردنەوەی هەستیاری لە وەرزی پاییزدا ئەمانەن؛
- زۆر لە گەرماودا مەمێنەرەوە
- بە ئاوی زۆر گەرم خۆت مەشۆ
- سابوونی شێدارکەرەوە بەکاربێت
- کرێمەکانی شێدارکەرەوە بەکاربێن
- جلوبەرگی خوری لەبەر نەکرێت
- شەکر و شیرینییەکان کەم بکرێنەوە
مەریوان عوسمان، فرۆشیارێکی جوانکاریی خانمانە و جەخت لە ناسینی جۆری پێست دەکاتەوە، پێش کڕینی هەر شێدارکەرەوەیەک و دەڵێت: پێویستە خانمان پێش ئەوەی هەر شێدارکەرەوەیەک بەکاربهێنن، جۆری پێستیان بناسن، خانمی وا هەیە دێت دەڵێت، شێدارکەرەوەیەکی باشم دەوێت، بەڵام باسی ئەوە ناکات کە پێستی چ جۆرێکە و چۆنە بۆ ئەوەی شێدارکەرەوەی گونجاوی بۆ هەڵبژێرێت.
بەپێی ناوەندی CDCـی جیهانی، لەگەڵ هەستیاریی وەرزیدا زیاتر لە 30 جۆری جیاوازی ڤایرۆسەکان لە پاییزدا چالاک دەبن و هەر یەک لە سوورێژە، دەردەسەرما و هەوکردنی تووندی سییەکان باوترینیانن.



