رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی خۆراک و یاریدەدەری پڕۆفیسۆر لە بواری خۆراک رایدەگەیێنێت، خۆراکە ئامادەکراوەکان لەنێو وڵاتدا بڵاو بوونەتەوە و گەنجان زۆرترین قوربانیی مەترسییەکانیانن.
ئەمڕۆ سێشەممە 20-10-2026 د. یاسین گەڵاڵی، پسپۆڕی زانستی خۆراک و تەندروستی بە رووداوی راگەیاند، لەلایەن گەنجانەوە خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان دەخورێن و کاریگەرییەکەشی دەبینرێت بەتایبەت (کەمبوونەوەی سەرنج، قەڵەوی، تێکچوونی خەو و هەموو سیستمی ژیان).
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. یاسین گەڵاڵی گوتی: خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان بوونەتە هۆی تێکدانی سیستمی ژیان، زۆرێک لەو کەسانەی ئەم خۆراکانە بەکار دەهێنن، کاریگەریەکەی نابینن. دەشڵێت پێویستە خەڵکی دوور بکەونەوە لە خواردنی ئەو خۆراکانە یاخود سنوورداریان بکەن.
ئەو پسپۆڕە ئەوەش باس دەکات کە ئێستا نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە و بەرزەپەستانی خوێن لەنێو چینی گەنجاندا روویان لە زیادبوونە کە ناڕێکیی شێوازی ژیان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان.
ئەمانەی خوارەوە نموونەی خۆراکە ئامادەکراوەکانن
- خواردنەوە گازییەکان
- شەربەتی دەستکرد
- شیرینییەکان
- خۆراکی خێرا
- پەتاتەی سوورەوەکراو
- مەعکەرۆنی
- پەنیر
- پیتزای بەستوو
- چپس
- پسکیت
- کێک
- گۆشتە بەستووەکان
ئەم خۆراکانە بەوە ناسراون کە ئامادەکردنیان ئاسانە و ماوەی بەسەرچوونیشیان درێژە، شەکر، خوێ و چەورییەکی زۆریان تێدەکرێت لەگەڵیشیدا تامی دەستکریان تێدایە کە هەموویان زیانی زۆر مەترسیداریان دەبێت.
بەگوێرەی دامەزراوەی دڵ لە بەریتانیا، بەکارهێنانی خۆراکە خێراکان و خۆراکە ئامادەکراوەکان وەکو ئایس کرێم، بسکیت و خواردنەوە گازییەکان کە رێژەیەکی بەرزی چەوری تێر و خوێ و شەکریان تێدایە لە سەرانسەری جیهان لە زیادبووندایە و ئەمەش مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک، نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرەی جۆری دووەم و شێرپەنجە زیاددەکات.



