رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی پزیشکان و شارەزایانی خۆراک، بەرهەمە پڕۆتینییەکان بۆ جەستەی نەوجەوانان پێویست نین و مەترسیی بۆ گەشەیان دروستدەکات.
نیکۆلا لودلام، شارەزای بواری خۆراک دەریخستووە، نەوجەوانان دەتوانن تەواوی پڕۆتینی پێویست لەڕێگەی خۆراکی ئاساییەوە بەدەستبهێنن. هۆشداریدا کە بازاڕی پاودەری پڕۆتین بە توندی چاودێری ناکرێت و رەنگە شەکر، مادەی کیمیایی و هاندەری شاراوەی تێدابێت، دەکرێت ببێتە هۆی کێشەی هەرسکردن وەک ئاوسانی سک و سکچوون.
د. رامنیک ماتوور، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە بەریتانیا ئاماژە دەدات، خواردنی بڕێکی زۆری پڕۆتین لەلایەن نەوجەوانان بارگرانی لەسەر گەدە، جگەر و گورچیلەکان دروست دەکات و مەترسیی تەندروستی لێ دەکەوێتەوە. هەروەها بەکارهێنانیان وەک جێگرەوەی ژەمەکان، نەوجەوانان لە کانزا و ڤیتامینە گرنگەکانی وەک زینک، کالسیۆم و مەگنیسیۆم بێبەش دەکات کە لە خۆراکی سرووشتیدا بوونیان هەیە.
پسپۆڕان رێنوێنی نەوجەوانان و خانەوادەکانیان دەکەن خۆراکی هاوسەنگ بخۆن وەک (گۆشت، ماسی، هێلکە، شیرەمەنی و دانەوێڵە).



