رووداو - تەندروستی
ناوەندی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی
ئەمریکا (CDC) رایگەیاند، ژمارەی
تووشبووانی سوورێژە لە سەرانسەری وڵاتدا گەیشتووەتە 4,410 کەس.
بەگوێرەی CDC، ژمارەی تووشبووان لە ماوەی یەک هەفتەدا 330 حاڵەت زیادی کردووە، هەروەها ئەمساڵ 451 کەس بەهۆی سوورێژەوە لە نەخۆشخانەکاندا خەوێندراون. ویلایەتی پێنسیلڤانیا بە تەنیا هەزار و 260 حاڵەتی تووشبوون بە سوورێژەی لێ تۆمارکراوە، لەگەڵ 238 حاڵەتی خەواندن لە نەخۆشخانە و پێنج گیانلەدەستدان.
بە گوتەی CDC، زۆرترین گرووپی تەمەنی کە تووشی نەخۆشییەکە بوون، منداڵان و نەوجەوانانی تەمەن 5 بۆ 19 ساڵن کە 1,856 حاڵەت پێکدەهێنن، واتە 42%ی کۆی تووشبووان، دوای ئەوانیش، گەورەکانی تەمەن 20 ساڵ و زیاتر دێن کە 1,787 حاڵەتن، واتە 41%ی تووشبووان.
پێشتر لەم مانگەدا، ویلایەتی نیویۆرک بەهۆی بڵاوبوونەوەی سوورێژەوە باری نائاسایی راگەیاند، کە یەکەم راگەیاندنی لەو شێوەیە بوو لەلایەن ویلایەتێکی ئەمریکاوە.



