رووداو - تەندروستی
مەگنیسیۆم کانزایەکی سەرەکییە بۆ جەستە و رۆڵێکی گرنگ لە باشترکردنی خەو و کەمکردنەوەی بێخەویدا دەگێڕێت.
د. ئەنیتا شێلگیکار، پسپۆڕی مێشک و دەمار لە زانکۆی میشیگان لە دوو توێژینەوەدا کاریگەرییەکانی مەگنیسیۆمی لەسەر خەو دەریخستووە، توێژینەوەیەک لەسەر 134 کەس نیشانیدا کە وەرگرتنی 250 میلیگرام مەگنیسیۆم نیشانەکانی بێخەوی کەمکردەکاتەوە. هەروەها، توێژینەوەیەکی دیکە لەسەر نزیکەی 4000 کەس دەریخست کە ئەو کەسانەی رێژەی بەرزی مەگنیسیۆمیان هەبوو، خەویان باشتر بوو و زیاتر لە 7 کاژێر دەخەوتن.
دکتۆر سامانتا کەسێتی، پسپۆڕی خۆراک رایگەیاند، مەگنیسیۆم کانزایەکی سەرەکییە و بۆ زیاتر لە 300 پرۆسەی بایۆلۆژی لە جەستەدا پێویستە. بەگوێرەی قسەکانی، ئەم کانزایە یارمەتی رێکخستنی شەکری خوێن، پەستانی خوێن، بەرهەمهێنانی وزە، هەرسکردن و تەندروستیی ئێسک و مێشک دەدات. بڕی پێویستی رۆژانە بۆ کەسانی پێگەیشتوو لەنێوان 310 بۆ 420 میلیگرامدایە و لەڕێگەی خۆراکەوە وەک سەوزە، پەتاتە، چەرەس و میوە دەست دەکەوێت.
جۆرەکانی مەگنیسیۆم و جیاوازییەکانیان:
- مەگنیسیۆم گلایسینەیت، باوترین جۆرە بۆ یارمەتیدانی خەو، چونکە ترشی ئەمینی گلایسینەیتی تێدایە کە مێشک هێور دەکاتەوە و گەدە بە ئاسانی وەریدەگرێت.
- مەگنیسیۆم سیترەیت، ئاو بۆ ناو رێڕەوی هەرس رادەکێشێت و دەبێتە هۆی سکچوون.
مەگنیسیۆم مالەییت، یارمەتی کەمکردنەوەی ئازار و بەرزکردنەوەی وزە دەدات.
- مەگنیسیۆم ئێڵ-سریۆنەییت، مێشک چالاک دەکات بۆ بەهێزکردنی یادگە، باشترکردنی فێربوون و کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ.
- مەگنیسیۆم ئۆکساید، بەهۆی ئەوەی کەمتر لەلایەن جەستەوە دەمژرێت، زیاتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆئەندامی هەرس وەک قەبزی بەکاردێت، چونکە ئاو بۆ نێو ریخۆڵەکان رادەکێشێت. هەروەها لە پێکهاتەی هەندێک دژەترشی گەدەدا بوونی هەیە.



