رووداو - تەندروستی
کلۆربوونی ددان یەکێکە لە باوترین کێشە تەندروستییەکان کە رووبەڕووی منداڵان دەبێتەوە. سەرەڕای ئەوەی ددانی شیریی کاتییە، بەڵام پشتگوێخستنی چارەسەرکردنی دەبێتە هۆی ئازاری توند، هەوکردن و تێکچوونی گەشەی ددانی هەمیشەیی.
د. کلاید وای ئۆچیدا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دەم و ددان لە نەخۆشخانە و سەنتەری ددانی منداڵانی ئۆچیدا لە ئەمریکا کە یەکێکە لە ناوەندە پێشکەوتووەکانی تایبەت بە تەندروستیی دەم و ددانی منداڵان دەریخستووە، بەپێی ئامارەکان بەنزیکەی 42٪ی منداڵانی تەمەن 2 بۆ 11 ساڵ تووشی کێشەی کلۆربوونی ددانی شیریی دەبن، هەروەها رێژەکە لە تەمەنی 2 بۆ 5 ساڵیدا دەگاتە نزیک 28٪، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ گرنگیی هۆشیاریی خێزانەکان.
تیمی پزیشکیی نەخۆشخانە و سەنتەری ددانی منداڵانی ئۆچیدا، رێنوێنیی دایک و باوکان دەکەن سەبارەت بە ئەنجامدانی چەند رێکارێک:
- پێویستە رۆژانە دوو جار، بەیانیان و ئێواران، ددانەکان بە فڵچەیەکی نەرم و هەویری ددانی فلۆراید بشۆردرێن.
- کەمکردنەوەی خواردنی شەکر و شیرینی، وەک پسکیت و خواردنەوەی گازی گرنگە، چونکە بەکتریاکانی ناو دەم شەکرەکە دەکەن بە ترشاو، ئەمەش دەبێتە هۆی توانەوەی مینای ددانەکان.
- بەکارهێنانی چینی پارێزەری ددان، چینێکی تەنکە کە لەسەر ددانەکانی دواوە دادەنرێت بۆ پاراستنیان لە پاشماوەی خۆراک و بەکتریا.
- بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کلۆربوونی ددان لە قۆناخە سەرەتاییەکانیدا، پێویستە منداڵان هەر شەش مانگ جارێک سەردانی پزیشکی ددان بکەن و پشکنینیان بۆ بکرێت.



