رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی چینی دەریخستووە، گوێگرتن لە میوزیکی هێمنی پیانۆ، خێراتر لە دەنگە سرووشتییەکان یارمەتیی مێشک دەدات لە گوشاری دەروونی چاک ببێتەوە.
زانایان لە پەیمانگەی دەروونناسیی سەر بە ئەکادیمیای زانستیی چین، توێژینەوەیەکیان ئەنجامدا، سەرەتا بەشداربووان ئەرکی بیرکاریی ئاڵۆزیان پێسپێردرا بۆ دروستکردنی گوشاری دەروونی، دواتر، بەشێکیان گوێیان لە مۆسیقای هێمنی پیانۆ گرت و بەشەکەی دیکەیان گوێیان لە دەنگی باران و تاڤگە گرت.
توێژەرانی چینی، باری دەروونی، نیشانە فیزیۆلۆژییەکان و چالاکیی مێشکی بەشداربووانیان بە وێنەگرتنی زرنگانەوەی موگناتیسی (fMRI) هەڵسەنگاند.
ئەنجامەکان دەریانخست، ئەو کەسانەی گوێیان لە میوزیکی پیانۆ گرتبوو، خێراتر لە گوشاری دەروونی چاکبوونەوە، باری سۆزدارییان باشتر بوو، هەروەها لێدانی دڵ و چالاکیی رژێنە ئارەقەییەکانیان زووتر گەڕایەوە بۆ دۆخی ئاسایی.



