رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی کامبریج دەریخستووە، شیرینکەرە باوەکان، کە لە زۆرێک لە خۆراکەکاندا بەکاردێن، دەتوانن گۆڕانکاری لە بەکتریای ریخۆڵەدا دروستبکەن و کاریگەریی هەندێک دەرمانیش بگۆڕن.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، کە لە تاقیگەدا ئەنجامدراوە، نزیکەی سێ لە چوار جۆر شیرینکەری تاقیکراوە، گەشەی لانیکەم یەک جۆری بەکتریای گۆڕیوە. کاریگەرییەکەش بەپێی جۆری شیرینکەرەکە جیاواز بووە، بەشێوەیەک گەشەی هەندێک بەکتریای خاوکردووەتەوە و گەشەی هەندێکی دیکەیانی بەتەواوی راگرتووە.
توێژەرانی زانکۆی کامبریج، ئاماژەیان بەوە کردووە کە تێکەڵکردنی شیرینکەرێکی باو لەگەڵ دەرمانێکی دژەخەمۆکی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەکتریا سوودبەخشەکانی ریخۆڵە.
گۆڕانکاری لە بەکتریای ریخۆڵەدا رەنگە کار لەسەر هەرسکردن، زیندەچالاکی و سیستمی بەرگریی جەستە بکات.
شیرینکەرە دەستکردەکان لەنێو ئەم خۆراکانەدا هەن:
- بنێشت
- سۆسی کەباب
- مرەبای بێ شەکر
- جەلی منداڵان
- ئایسکرێمەکان
- بەشێک لە خۆراکە لەقوتوونراوەکان
- خواردنەوە گازییە دایتییەکان



