رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی کەنەدی دەریخستووە، ئەو کەسانەی لە تەمەنی نێوەڕاستدان و بڕێکتی زۆر خۆراکە زۆردەستکاریکراوەکان دەخۆن، ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی مێشک زیاترە.
ئەو جەڵتەیەی باس دەکرێت پێی دەگوترێت جەڵتەی بێدەنگی مێشک، نیشانەی دیاری نییە، بەڵام زیان بە بەشێکی بچووکی مێشک دەگەیێنێت و رەنگە ئاگادارکردنەوەی زوو بێت بۆ تووشبوون کێشەی بیرەوەری لە داهاتوودا.
توێژەرانی زانکۆ کەنەدییەکە، شیکارییان بۆ سیستمی خۆراکی و پشکنینی تیشکیی (MRI) مێشکی نزیکەی 9,000 کەسی تەندروست کرد کە تەمەنیان لەنێوان 35 بۆ 69 ساڵ بوو، ئەنجامەکان ئەوەییان دەرخست، ئەو کەسانەی زۆرترین خۆراکە زۆردەستکاریکراوەکانیان خواردبوو، بە رێژەی 40٪ زیانی بە مێشکیان گەیشتبوو بە بەراورد بەوانەی کەمترین رێژەیان دەخوارد، هەروەها پەیوەندییەکە لەنێو خانماندا بەهێزتر بوو.
د. رەسڵ جەی دی سۆزا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی مکماستەر لە کەنەدا دەڵێت، "پێشتر ئەم جۆرە زیانانە بە حاڵەتانەوە دەبەسترانەوە کە لە تەمەنێکی زۆر گەورەتردا روویاندەدا".
توێژەران بۆیان دەرکەوت، ئەو کەسانەی زۆرترین خۆراکە زۆردەستکاریکراوەکانیان دەخوارد، زۆرترین چەوریی ورگیان هەبوو، کە ئەمەش رەنگە هۆکارێکی یارمەتیدەر بێت، چونکە پەیوەندیی بە هەوکردن و زیانگەیاندن بە خوێنبەرەکانەوە هەیە.



