رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی پزیشکانی بێهۆشکاری ئەمریکی (ASA) پێشکێشکرا، هێدفۆنی دەنگبڕ لەکاتی نەشتەرگەریدا، رەنگە مەترسیی دڵتێکهەڵاتن و رشانەوەی دوای نەشتەرگەری کەم بکاتەوە.
دڵتێکهەڵاتن و رشانەوە یەکێکن لە باوترین کاریگەرییە لاوەکییەکانی دوای نەشتەرگەری و وەرگرتنی بێهۆشکاری، کە دەکرێت ببنە هۆی وشکبوونەوەی جەستە و دواکەوتنی چاکبوونەوە، دەرمانەکانی بێهۆشکاری و ئازارشکێنەکان هۆکاری سەرەکیی ئەم حاڵەتەن، بەڵام توێژەران پێیانوایە ژاوەژاوی ژووری نەشتەرگەریش رەنگە کاریگەریی هەبێت.
د. هوایی لیو، پزیشکی پسپۆڕی بێهۆشکاری و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "هەرچەندە نەخۆش لەژێر بێهۆشکاریی گشتیدا بە ئاگا نییە، بەڵام مێشکی هێشتا دەتوانێت کاردانەوەی بۆ دەنگەکان هەبێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، "دەرەنجامەکانمان دەریدەخەن کە کەمکردنەوەی ژاوەژاو لە ژووری نەشتەرگەریدا دەکرێت رێگەیەکی نوێ بێت بۆ رێگریکردن لە دڵتێکهەڵاتن و رشانەوە، بەبێ ئەوەی پێویست بە بەکارهێنانی دەرمانی زیاتر بکات."
توێژەران ئەوە بە رێگەیەکی باش و دەستڕاگەیشتوو دادەنێن بۆ ئەوەی نەخۆش لە دڵتێکهەڵاتن و رشانەوەی دوای نەشتەرگەری رزگار بکەن.



