رووداو - تەندروستی
لە توێژینەوەیەکی زانکۆی سیدن لە ئوسترالیا دەرکەوتووە، رۆیشتنی حەوت هەزار هەنگاو لە رۆژێکدا رۆلێکی گرنگی لە دابەزاندنی کێش هەیە.
د. ئەماندا پالوش، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: بۆ کەمکردنەوە و پاراستنی کێش، تەنیا ژماردنی هەنگاو بەس نییە، بەڵکو چڕی و ماوەی چالاکیی جەستەیی و شێوازی خواردنیش گرنگن.
پێداچوونەوەیەکی گەورە کە ئەنجامەکانی 57 توێژینەوەی کۆکردووەتەوە، نیشانی داوە کە رۆیشتنی نزیکەی 7 هەزار هەنگاو لە رۆژێکدا ، بە بەراورد لەگەڵ 2 هەزار هەنگاو، پەیوەندی بە کەمبوونەوەی 47٪ی مەترسی مردنی پێشوەختە،38٪ی مەترسی لەبیرچوونەوە، 25٪ی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەر، 22٪ی نیشانەکانی خەمۆکی و 14٪ی مەترسی شەکرەی جۆری دووەوە هەبووە.
لەم توێژینەوەیەدا، کە ژمارەی هەنگاوەکانی بەشداربووان لەماوەی نزیکەی دوو ساڵدا بە مۆبایل تۆمار کرابوو، زیادبوونی هەر هەزار هەنگاوێک لە رۆژێکدا پەیوەندی بە کەمبوونەوەی ناوەندی کێش بە نزیکەی 0.32 کیلۆگرام لە پیاوان و 0.18 کیلۆگرام لە خانمان هەبووە.
پسپۆڕان ئەوەش باس دەکەن کە بۆ کەمکردنەوەی کێش، رۆیشتنی خێرا و چالاکیی جەستەیی مامناوەند گرنگن هەروەها رۆژانە 7 هەزار هەنگاو کاریگەریەکی بەرچاوی لە دابەزاندنی کێشدا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، رێکخستنی خۆراک و کەمکردنەوەی کالۆرییە زیادەکان رۆڵێکی سەرەکی لە کەمکردنەوەی کێشدا دەگێڕن.
.png&w=3840&q=75)


