رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی ئەکادیمیای ئەمریکیی نەخۆشییەکانی دەمار دەریدەخات، جەڵتەی مێشک چیدیکە تەنیا وەک نەخۆشییەکی کەسانی بەساڵاچوو سەیر ناکرێت، توێژینەوەیەکی نوێ نیشانی داوە کە رێژەی جەڵتەی مێشک لە نێوان گەنجانی تەمەنی 20 تا 54 ساڵ لە ماوەی نزیکەی27 ساڵدا نزیکەی دوو هێندە زیاد بووە.
د. ئەمیلی ئێر سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی رێژەی جەڵتەی مێشک لە گەنجان زیاد کردووە، بەڵام رەنگە ماوەی تەمەندریژیان دوای جەڵتە زیاتر بێت بە بەراورد بە کەسانی بەتەمەن.
ئەنجامەکانی توێژینەوەکە نیشانیان داوە کە رێژەی جەڵتەی مێشک لە گەنجان لە هەر 100 هەزار کەس-ساڵدا، لە 40 حاڵەتەوە لە ساڵانی 1993–1994ەوە گەیشتووەتە 62 حاڵەت لە ساڵی 2020دا؛ واتە زیادبوونێکی نزیکەی 83٪.
زۆربەی ئەم زیادبوونە پەیوەندی بە جەڵتەی ئیسکیمیک هەبووە، ئەو جۆرە جەڵتەیەی کە بەهۆی داخستنی خوێنبەری مێشک دروست دەبێت و رێگری لە گەیشتنی ئۆکسجین و ماددە خۆراکییەکان بە شانەکانی مێشک دەکات.
توێژەران ئاماژەشیان بەوەکرد، لە ماوەی توێژینەوەکەدا هەندێک هۆکاری مەترسی لە نێوان گەنجانی تووشبوو بە جەڵتە زیاتر بوون، لەوانە بەرزەپەستانی خوێن، شەکرە، و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.
دامەزراوەی جەڵتە لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، بۆ ناسینەوەی جەڵتەی مێشک چەند نیشانەیەکی سەرەتایی هەن وەکو؛
- ناڕێکیی رووخسار
- سڕبوونی لایەکی جەستە
- قورسبوونی زمان
- تێکچوونی جووڵە
- ناڕێکیی هاوسەنگیی جەستە
- لاوازبوونی بینین
هەروەها دامەزراوەکە هۆشداریدەدات، هەر کەسێک تووشی یەکێک یاخود چەند نیشانەیەکی جەڵتەی مێشک بوو ئەوا پێویستە لانیکەم لە 30 خولەکدا بگەیێندرێتە نەخۆشخانە تاوەکو چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت و کاریگەریی جەڵتەکە لەسەر جەستە و مێشکی تووشبووەکە کەمببێتەوە.
.png&w=3840&q=75)


