رووداو - تەندروستی
لە هەولێر کچێکی دانیشتووی قەزای بەحرکە ئازارێکی زۆری دەبێت و بۆ چارەسەرکردنی هەڵەیەک دەکات، بەڵام هۆکاری ئازارەکەی چارەسەر نابێت و لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاریی هەولێر نەشتەرگەری چارەسەری بۆ دەکەن کە بە لەدەستدانی هێلکەدانێکی کۆتایی هات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18-10-2026 د. رووناک عەبدولڕەحمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون کە سەرپەرشتیی نەشتەرگەرییەکەی کردووە بە رووداوی راگەیاند، ئەوە کچێکی 14 ساڵ بووە و سێ رۆژ سکئێشەی تووندی هەبووە، بەڵام چووەتە نۆرینگەکانی یاریدەدەری پزیشكی و لەوێ وەکو ئازارشکێن ژیناو (موغەزی)ـی بۆ دانراوە.
کچەکە دۆخی تێکدەچێت و سکئێشەی تووند، رشانەوە و ئاوسانی سکی تووشدەبێت و دەچێتە دۆخی شۆکەوە. پاش ئەوەی سەردانی نەخۆشخانە دەکات، دەردەکەوێت ئەوە گرێیەکی گەورەی 8 بە 10 سانتیمەتری لە هێلکەدانێکیدا دروستبووە کە سووڕاوە و هێلکەدانەکەی تووشی رەشبوونەوە یاخود گەنین کردووە کە ناسراوە بە (Gangrene).
د. رووناک عەبدولڕەحمان دەڵێت: بەهۆی ئەوەی ئەو کچە درەنگ هێنرایە نەخۆشخانە و بە بێ هیچ پشکنینێک بۆ سەرچاوەی ئازارەکەی، ئازارشکێنی دراوەتێ، وایکرد بەهۆی پەرەسەندوویی گرێیەکەوە هێلکەدانەکەی لەدەستبچێت.
لەکۆتاییشدا ئەوەی باس کرد، ئاگاداری نەخۆشەکەیان کردووەتەوە، سێ مانگ جارێک پشکنینی سۆنەر بکات، بۆ ئەوەی دڵنیایی لە تەندروستیی هێلکەدانە ساخەکە هەبێت، لەبەر ئەوەی هەر کێشەیەکی تێدا بێت، ئەگەری لەدەستدانی دەبێت و ئیدی ئەو كچە توانای منداڵبوونی نامێنێت.
کیسی هێلکەدان کێشەیەکی بەربڵاوی نێو خانمانە و چەند رێگەیەک بۆ پێشگیری لێی ئەمانەن؛
- دابەزاندنی کێش و کێشڕێکی
- دوورکەوتنەوە لە خۆراکە خێراکان
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە گازییەکان
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان
- وەرزش و جووڵەی رۆژانە
- رێکخستنی کاتی خەو



