رووداو - تەندروستی
لە حانووتەکانی دەڤەری راپەڕین، فرۆشتنی ئەو خۆراک و خواردنەوانەی کە زیانیان بۆ تەندروستیی قوتابییان هەیە رادەگیرێت و چیتر بەردەست نابن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی راپەڕین رایگەیاند، بەگوێرەی رێنوێنییە تەندروستییەکان، فرۆشتنی کۆمەڵێک خۆراک و خواردنەوە لە ناوەندەکانی خوێندن و حانووتی قوتابخانەکاندا قەدەخەیە و لیژنە هاوبەشەکان بەردەوام چاودێریی دۆخەکە دەکەن.
يوسف جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند، "لە هەموو سنوورەکان لیژنەی هاوبەش هەن و سەردانی حانووتی قوتابخانەکان دەکەن، هاوکات لە هەموو قوتابخانەیەکیشدا لیژنەی فرۆشگە پێکهێنراوە کە بەردەوام چاودێری دەکەن و رێگە نادەن هیچ مادەیەکی زیانبەخش بفرۆشرێت".
سەبارەت بەو شوێن و فرۆشگانەی سەرپێچیی رێنماییەکان دەکەن، یوسف جەلال ئاماژەی بەوەکرد، لە قۆناخی یەکەمدا سەرپێچیکاران ئاگادار دەکرێنەوە و لە قۆناخەکانی دواتریشدا ئەگەر بەردەوام بن، سزای تووند دەگیرێتەبەر کە لەوانەیە ببێتە هۆی دەست بەسەرداگرتنی کاڵاکان و بەڵام حانوت لە خاوەنەکەی وەرناگیرێتەوە، لە هەموو ناوەندەکانی خوێندنیشدا چاودێری وردی تەندروستی خراوەتە سەر جۆری خۆراک و خواردنەوەکان.
بەپێی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان
خۆراکە رێگەپێدراوەکان
شیری بێ شەکر.
شەربەتی سرووشتی.
ماستاو.
ماسی لە قوتوونراو.
سەوزە و میوە.
میوەی وشک.
خورما.
پاقلەمەنی کوڵاو.
چەرەسی بێ توێکڵ.
گەنمەشامی.
پەتاتەی کوڵاو.
خۆراکە رێگەپێنەدراوەکان
خواردنەوە گازییەکان و وزەبەخشەکان.
ئەزبەری.
چلورە.
ئایسکرێم.
سماق و لیمۆندزی.
تەمەرهندی.
بنێشت و نوتێلا.
شیرینی.
جەلی و نوقڵ.
بسکویتی و کێکی بە کرێم.
چەرەسی توێکڵ دار.
گەنمەشامی تامدار و ئەندۆمی.


