رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا دەریدەخات، ئەو کەسانەی گورچیلە لە بەخشەرێکی زیندوو وەردەگرن کە مێژووی جگەرەکێشانی هەبووە، مەترسیی زیاتری شکستپێهێنانی چاندنی گورچیلەکەیان لەسەرە، کە بە لەدەستدانی گرافت ناسراوە. بەرزترین مەترسیش لەو نەخۆشانەدا بووە کە بەخشەرەکانیان مێژوویەکی بەرچاوی جگەرەکێشانیان هەبووە.
د. ماچی کانیکۆ مەکبی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: وەرگرانی گورچیلە لە بەخشەرانێک کە هەر جۆرە مێژوویەکی جگەرەکێشانیان هەبووە، مەترسیی لەدەستدانی گورچیلەکەیان بە رێژەی 13٪ زیاتر بووە بەراورد بەوانەی لە بەخشەری جگەرەنەکێش وەریانگرتووە. هەروەها مێژووی جگەرەکێشانی بەخشەر بە رێژەی 18٪ ئەگەری رەتکردنەوەی تووندی لە ساڵی یەکەمی دوای چاندنەوە زیاد کردووە.
توێژینەوەکە کاری لەسەر 88 هەزار وەرگری چاندنی گورچیلە لە بەخشەری زیندوو کردووە و وەرگرانی گورچیلە لە جگەرەکێشە قورسەکان رووبەڕووی ئەم مەترسییانە بوونەتەوە؛
د. ماچی کانیکۆ مەکبی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، ئاماژە بەوەشدەکات، "دۆزینەوەکانمان ئەوە پیشان دەدەن کە پێویستە مێژووی جگەرەکێشان، بەتایبەتی بەرکەوتنی زۆر بە جگەرەکێشان، لە کاتی هەڵسەنگاندن و راوێژکاریی بەخشەری زیندوودا لەبەرچاو بگیرێت''.



