رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ پەیوەندییەکی چاوەڕواننەکراوی لەنێوان دەرمانە بەنێوبانگەکانی کێشدابەزاندن (GLP-1) و لێبوونەوەی نینۆک، هەڵوەرینی قژ و هەوکردنی پێستی سەر دۆزیوەتەوە.
توێژینەوەیەکی نێودەوڵەتی، لە کۆنگرەی ئەکادیمیای ئەورووپی بۆ نەخۆشییەکانی پێست پێشکێش کرا، تێیدا دەرکەوت ئەو کەسانەی دەرمانەکانی GLP-1 بەکاردەهێنن، وەکو ئۆزێمپیک و ویگۆڤی، زیاتر لە چوار هێندە ئەگەری تووشبوونیان بە لێبوونەوەی نینۆک (هەڵکەنرانی نینۆک لە پێستەکەی ژێرەوەی) زیاترە.
د. چارڵز تائیب، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە 39٪ی بەکارهێنەرانی GLP-1 تووشی لێبوونەوەی نینۆک بوون، بە بەراورد بە 9٪ی ئەو کەسانەی هەرگیز ئەو دەرمانانەیان بەکارنەهێناوە. گۆڕانی رەنگی نینۆکیش زۆر باوتر بووە و دوو لەسەر سێی بەکارهێنەران لانیکەم یەک کێشەی نینۆکیان هەبووە.
هەروەها توێژینەوەکە دەریخستووە، نیوەی بەکارهێنەرانی GLP-1 تووشی هەڵوەرینی قژی نائاسایی بوون، بە بەراورد بە 34٪ـی ئەوانەی بەکاریان نەهێناوە. سووربوونەوەی پێستی سەریش نزیکەی سێ هێندە لەنێو بەکارهێنەرانی GLP-1دا باوتر بووە.



