رووداو - تەندروستی
بەپێی ئەو ئامارانەی سەنتەری ئاوات بۆ چارەسەریی تیشکیی شێرپەنجە لە هەولێر بڵاوی کردوونەتەوە؛ رۆژانە لە سەنتەری ئاوات 180 بۆ 200 تووشبووی شێرپەنجە چارەسەر بە تیشك وەردەگرن.
د. ئەحمەد سامی، بەڕێوەبەری سەنتەری ئاوات دەڵێت: ئەو خانمانەی لە ماڵباتەکانیان تووشبووی شێرپەنجەی مەمک هەیە، پێویستە هەر لە 30 ساڵییەوە پشكنینی مەمۆگرام بکەن و دڵنیاببنەوە لە تەندروستیی مەمکیان.
ئەوەش دووپات دەکاتەوە کە شێرپەنجە چەند زوو دەستنیشان بکرێت، ئەوەندەش چارەسەرییەکەی ئاسان دەبێت.
پاشانیش رێنوێنیی خانمان دەکات کە شێوازی ژیانی تەندروست پەیڕەو بکەن وەکو؛
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان.
- بایەخدان بە خواردنی خۆراکی دانەوێڵەی تەواو و بەرهەمە کەم چەورەکان.
- بڕی پێویست ئاو بخورێتەوە.
- بایەخدان بە پڕۆتینەکان لە ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، هێلکە، تۆوی کەتان و گەنمەشامی.
- بڕێکی دیاریکراو کالۆریی رۆژانە بخورێت.
- سنووردارکردنی شەکر، چەوری و خۆراکە خێراکان.
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە کحول، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان.
- خەوی باش.
- دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە.
- بیرکردنەوەی ئەرێنییانە و راهێنانەکانی ئاسوودەیی دەروون.
خانمان لە چ تەمەنێکدا پشکنین بکەن؟
بەگوێرەی رێنوێنییەکانی کۆمەڵەی شێرپەنجە لە ئەمریکا، خانمان لەنێوان تەمەنی 40 بۆ 44 ساڵی پشکنینێکی مەمۆگرام بکەن، پاشان لە تەمەنی 45 بۆ 54 ساڵی، ساڵانە پشکنین بکەن بەتایبەت ئەوانەی لە ماڵباتەکانیان شێرپەنجە هەیە یاخود نیشانەی گوماناویی هەیە. لە تەمەنی 55 ساڵی بەرەو سەرەوە بیکەن بە دوو ساڵ جارێک یاخود هەموو ساڵێک.
بەڵام کۆلێژی ئەمریکی بۆ تیشک دەڵێت، پێویستە خانمان لە سەروو 40 ساڵییەوە هەموو ساڵێک پشكنینێکی مەمۆگرام بکەن.


