رووداو - تەندروستی توێژینەوەیەک لە سەنتەری توێژینەوەی فرالین لە ئەمریکا دەریخستووە، ئەو خۆراکانەی کە زۆر پرۆسێسکراون، کاریگەریی نەرێنی لەسەر کاردانەوەی ئەنسۆلینی جەستە و زیندەچالاکییان دەبێت، تەنانەت ئەگەر لە رووی پێکهاتە خۆراکییەکانیشەوە هاوشێوەی ژەمە کەمتر دەستکاریکراوەکان بن. بەگوێرەی توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری (Nature Metabolism) بڵاوکراوەتەوە، ئاستی پرۆسێسکردنی خۆراک رۆڵێکی گرنگتر دەگێڕێت لە پێکهاتە خۆراکییەکانی وەک کالۆری، چەوری و کاربۆهیدرات. توێژەران، لە کۆمەڵێک بەشداربووی خاوەن کێشی تەندروست پێکهاتبوون کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 45 ساڵ بوو، دوای ئەوەی بەشداربووان بۆ ماوەی یەک شەو بەڕۆژوو بوون، دوو ژەمی جیاوازیان پێدرا کە نزیکەی 300 کالۆری بوون و لە رووی پێکهاتەی خۆراکییەوە (کالۆری، چەوری، پرۆتین و ریشاڵ) هاوشێوە بوون. بۆ نموونە، ژەمێکیان قاشە مۆز و پەنیر بوو، لە بەرامبەردا ژەمەکەی دیکە کە زۆر پرۆسێسکراو بوو، لە پارچەیەک ساندویچی کەرەی فستق، مرەبا و چیپسی سەوزە پێکهاتبوو، دوای خواردنی ژەمە زۆر دەستکاریکراوەکە، ئاستی ئەنسۆلین لە خوێنی بەشداربوواندا بۆ ماوەیەکی درێژتر (40 بۆ 120 خولەک) بە بەرزی مایەوە، هەرچەندە ئاستی شەکری خوێنیان جێگیر بوو، جەستەی بەشداربووان دوای خواردنی ژەمە زۆر دەستکاریکراوەکان، کاربۆهیدراتی کەمتری دەسووتاند و لە بەرامبەردا چەوریی زیاتری دەسووتاند.