رووداو-تەندروستی
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی شێرپەنجە و کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی، لە ساڵی 2024دا نزیکەی 20.6 ملیۆن حاڵەتی نوێی شێرپەنجە و نزیکەی 10 ملیۆن مردن بەهۆی نەخۆشییەکەوە لە سەرانسەری جیهاندا تۆمارکراون.
راپۆرتەکە هۆشداری دەدات کە ئەگەر رێکاری نوێ نەگیرێتەبەر، ژمارەی تووشبووانی نوێی شێرپەنجە تاوەکو ساڵی 2050 بۆ 34.4 ملیۆن کەس بەرز دەبێتەوە، کە بەراورد بە ساڵی 2024 رێژەی 67% زیاد دەکات.
کام جۆری شێرپەنجە باوترینە؟
لەم ساڵدا، شێرپەنجەی سییەکان لە هەموو جۆرەکانی دیکە زیاتر بووە و نزیکەی 2.6 ملیۆن کەس تووشی بوون، کە دەکاتە 12.8%ی کۆی گشتیی حاڵەتەکان، هەروەها کوشندەترین بووە و نزیکەی 19%ی حاڵەتەکانی مردنی پێکدەهێنا.
لەدوای شێرپەنجەی سییەکان، ئەم شێرپەنجانە زۆرترین تووشبویان هەبووە:
شێرپەنجەی مەمک: 11.8%
شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێکە: 9.9%
وێڕای ئەم ژمارە جێگەی نیگەرانییانە، زانستی پزیشکی بەرەو سەردەمێکی نوێ هەنگاو دەنێت کە تێیدا چارەسەرەکان وردتر و تایبەتمەندتر دەبن، ئەمەش لە رێگەی تێگەیشتن لە تایبەتمەندیی بۆماوەیی و بەرگریی هەر گرێیەکی شێرپەنجەیی دەبێت.
گرنگترین پێشکەوتنەکان بریتین لە:
1. چارەسەری بەرگری: ئەم چارەسەرە سیستمی بەرگریی جەستە بەهێز دەکات بۆ ئەوەی خانە شێرپەنجەییەکان بناسێتەوە و هێرشیان بکاتە سەر.
2. ڤاکسینی تایبەت بە شێرپەنجە: زانایان ڤاکسینێک دروست دەکەن کە تایبەتە بە هەر نەخۆشێک و سیستمی بەرگرییەکەی فێر دەکات چۆن رووبەڕووی شێرپەنجەکەی ببێتەوە. بۆ نموونە، ڤاکسینێکی کۆمپانیاکانی "مۆدێرنا" و "مێرک" بۆ شێرپەنجەی پێست، مەترسیی گەڕانەوەی نەخۆشییەکە یان مردنی بە رێژەی 49% کەمکردووەتەوە.
3. چارەسەری ئاراستەکراو: لە رێگەی شیکاریی بۆماوەییەوە، دەرمانی تایبەت بۆ ئەو بازدانە بۆماوەییانە بەکاردەهێنرێت کە دەبنە هۆی شێرپەنجە، بۆ نموونە دەرمانی "زیدسامتینیب" بۆ چارەسەری شێرپەنجەی سییەکان و دەرمانی "داراکسۆنراسیب" بۆ شێرپەنجەی پەنکریاس پەسەند کراون.
4. چارەسەری خانە تاییەکان (CAR-T): ئەم چارەسەرە پێشکەوتووە لە شێرپەنجەکانی خوێندا وەک لۆکیمیا و لیمفۆما ئەنجامی بەرچاوی بەدەستهێناوە.
ئەم پێشکەوتنانە ئەوە دووپات دەکەنەوە کە داهاتووی چارەسەری شێرپەنجە بەرەو چارەسەری تایبەتمەند و ورد دەڕوات، کە هیوای مانەوە و ژیانێکی باشتر بۆ تووشبووان زیاد دەکات.



