رووداو - تەندروستی
لەبارەی مەترسی و پێشهاتەکانی زیادبوونی رێژەی قەڵەوی لە جیهاندا، لەنێو لووتکەی تەندروستیی جیهانیدا ئەوە باس کرا کە تاوەکو 25 ساڵی دیکە زۆرینەی دانیشتووانی جیهان یان کێشزیادن یاخود قەڵەو.
ئەمڕۆ لووتکەی تەندروستیی جیهانی لە بەرلین دەستیپێکرد، یەکێک لە قسەکەرەکان ئاماژەی بە توێژینەوەیەکی نوێی گۆڤاری The Lancet کرد و گوتی: ساڵی 2050 نزیکەی 60٪ـی دانیشتووانی جیهان کێشزیاد یان قەڵەو دەبن.
ئەوەشی باس کرد کە قەڵەوی تاوەکو ساڵی 2050 نزیکەی 23 ملیار ساڵ لە ژیانی تەندروستی تاکەکانی جیهان کەم دەکاتەوە.
بەپێی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی لە ئەمریکا، قەڵەوی هۆکارێکە بۆ
* شەکرە
* بەرزەپەستانی خوێن
* بەرزیی کۆلیستڕۆڵ
* جەڵتەی دڵ
* گیرانی لوولەکانی خوێن
* جەڵتەی مێشک
* بەشەمێبوونی جگەر
* پووکانەوەی ئێسکەکان
* لاوازیی سێکسی
لووتکەی تەندروستیی جیهانی چییە؟
ئەمڕۆ لووتکەی تەندروستیی جیهانیی 2026 دەستپێدەکات و زیاتر لە چوار هەزار بەشداربوو لە 130 وڵاتی جیاوازەوە بەشداربن لەکاتێکدا زیاتر لە هەزار بەشداربووی ئۆنڵاینیشی هەیە.
لووتکەی تەندروستیی جیهانیی 2026 لە رۆژانی 11 تاوەکو 13ـی تشرینی یەکەم لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت و درووشمی ئەم ساڵیش ''لە قەیرانەوە بۆ خۆڕاگری، داهێنان لەپێناو تەندروستی''ـیە.
لووتکەی تەندروستیی جیهانی لە ساڵی 2009، بۆ یەکەمجار لەلایەن زانکۆی شاریتەی ئەڵمانیا رێکخرا، لەوکاتەوە ساڵانە لە مانگی ئۆکتۆبەردا(تشرینی یەکەم) لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، ئامانجی لووتکەکە گەنگەشەکردنی کێشە تەندروستییەکانە لە سەرجەم وڵاتانی جیهان.
لووتکەکە سەرکردە سیاسی و زانستییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتە تایبەتییەکان کۆ دەکاتەوە. گفتوگۆکان باس لە ئیبۆلا و نەخۆشییە گوازراوەکانی دیکە، دژەبەکتریاکان، ئامادەکاری بۆ پەتای داهاتوو، سیستمی تەندروستیی خۆڕاگر، چاودێریی تەندروستی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان وەک ئۆکراینا و هەڕەشە تەندروستییەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا دەکەن.
.png&w=3840&q=75)
_format(webp).webp&w=3840&q=75)
