رووداو - تەندروستی
پزیشکانی نەشتەرگەری لە بەریتانیا بۆ یەکەمجار نەشتەرگەریی چاندنەوەی شانەی گونیان بۆ گەنجێکی تەمەن 19 ساڵان ئەنجامدا.
شانەی گونی ئەو گەنجە سێ ساڵ لەمەوبەر، پێش ئەوەی چارەسەری کیمیایی بۆ نەخۆشییەکی خوێن وەربگرێت، لێی وەرگیرابوو و ساردکرابووەوە، پشکنینەکان دوای وەرگرتنی چارەسەرییەکە دەریانخستبوو کە هیچ سپێرمێکی نییە.
ئێستا تیمێکی پزیشکی لە ئێدینبەرە شانە ساردکراوەکەیان بۆ چاندووەتەوە، بەو هیوایەی دەست بە بەرهەمهێنانی سپێرم بکاتەوە.
چارەسەری کیمیایی دەتوانێت بۆ هەمیشە ئەو خانانە تێکبشکێنێت کە بۆ بەرهەمهێنانی سپێرم پێویستن، ئەمەش وا دەکات ئەو منداڵانەی چارەسەرییەکە وەردەگرن، لە داهاتوودا رووبەڕووی مەترسیی نەزۆکی ببنەوە.
هەڵگرتنی سپێرم رێگەیەکی ناسراوە بۆ پاراستنی توانای منداڵبوون لە کوڕانی پێگەیشتوو و پیاواندا، بەڵام بۆ ئەو کوڕانەی هێشتا نەگەیشتوونەتە تەمەنی باڵخبوون بژاردەیەک نییە. ئەم چارەسەرە نوێیە دەکرێت دەرگەیەک بۆ پاراستنی توانای منداڵبوونی ئەو منداڵانە بکاتەوە کە پێویستیان بە چارەسەری شێرپەنجە و چارەسەرییەکانی دیکە هەیە کە چارەسەری کیمیاییان تێدا بەکاردێت.
پرۆفیسۆر رۆد میچڵ، پسپۆڕی گەشەی هۆرمۆنەکان لە زانکۆی ئێدینبەرە دەڵێت: "ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ یارمەتیدانی ئەو کوڕانەی رووبەڕووی چارەسەرگەلێک دەبنەوە کە زیان بە توانای منداڵبوونیان دەگەیێنێت، تاوەکو بتوانن منداڵی خۆیان هەبێت."



