رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی فلۆریدا لە ئەمریکا، دەریخستووە کە کلسی خوێنبەرەکانی مەمک، کە لە پشکنینی مەمۆگرامدا دەردەکەوێت، نیشانەیەکی بەهێزە بۆ مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان لە خانماندا.
د. پارت ئادرێجیا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: پێداچوونەوەمان بۆ چوار توێژینەوەی گەورە کردووە کە نزیکەی 25 هەزار خانمی بۆ ماوەی 6 بۆ 12 ساڵ لەخۆگرتبوو، دەرکەوت؛ ئەو خانمانەی کلسی خوێنبەرەکانی مەمکیان (BAC) هەبووە، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بە رێژەی 82٪ زیاتر بووە.
هەروەها لە توێژینەوە ئەمریکیەکەدا دەرکەوتووە، کلسی خوێنبەرەکانی مەمک پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ بوونی نەخۆشیی شاراوەی خوێنبەرەکانی دڵدا هەیە.
توێژەرانی زانکۆی فلۆریدا جەخت دەکەنەوە کە دەستنیشانکردنی کلسی خوێنبەرەکانی مەمک لە رێگەی پشکنینی ئاسایی مامۆگرامەوە، دەتوانێت وەک نیشانەیەکی کاریگەر و یارمەتیدەر بێت بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی نەخۆشیەکانی دڵ لە خانماندا.



