رووداو - تەندروستی
د. ریمکی بیکەر، توێژەر لە بەشی دەرووناسی لە زانکۆی ئۆکلاند دەڵێت، وازهێنان لە شەکر بۆ ئەو کەسانە قورسترە کە ئاستی گوشاری دەروونی بەرزە و ئەو کەسانەی پێشتر شەکریان زۆر خواردووە یان لە توانای خۆیان دڵنیا نەبوون بۆ کۆنترۆڵکردنی خواردنی، ئەوانیش لە کاتی وازهێناندا زیاتر رووبەڕووی سەختی دەبنەوە.
د. بیکەر و هاوکارەکانی، بۆ ماوەی دوو هەفتە چاودێریی بەشداربووانیان کردووە لە کاتی هەوڵدانیان بۆ وازهێنان لە شەکر، بەشداربووان رۆژانە پێنج جار تیمی توێژینەوەکەیان ئاگادار کردووەتەوە لەبارەی خواردنی شەکر، ئارەزوویان بۆ شیرینی و باری دەروونیان.
د. بیکەر دەڵێت، ئەو کەسانەی پێشتر گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێی زۆریان هەبووە، یان ئەوانەی شەکریان زۆر خواردووە و ئارەزووی زۆریان بۆی هەبووە، یان متمانەیان بە خۆیان کەم بووە بۆ کۆنترۆڵکردنی، لە کاتی وازهێناندا زیاتر تووشی سەختی بوون.
توێژەرەکە ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی یەک لەسەر سێی بەشداربووان توانیویانە بۆ ماوەی دوو هەفتە بە تەواوی واز لە شەکر بهێنن، تەنانەت ئەوانەشی کە نەیانتوانیوە بە تەواوی وازی لێ بهێنن، بەشێوەیەکی پچڕپچڕ خواردوویانە، بەجۆرێک کە بەشداربووی ئاسایی لە ماوەی 14 رۆژدا تەنیا دوو رۆژ شەکری خواردووە.
د. بیکەر، رێنوێنی خەڵکی دەکات کە وازهێنانی تەواوی شەکر وەک تاکە پێوەر بۆ سەرکەوتن سەیر نەکەن.


.png&w=3840&q=75)
