رووداو - تەندروستی
کاریگەریی کافایین بۆ چەند کاژێرێک لە جەستەدا دەمێنێتەوە، بۆیە خواردنەوەی قاوە لە دوای نیوەڕۆدا رەنگە ببێتە هۆی تێکچوونی خەوی شەوانە، تەنانەت ئەگەر راستەوخۆ هەستیشی پێ نەکەیت.
توێژینەوەیەکی نوێی ئوسترالی کە لە گۆڤاری "Sleep Medicine Reviews" بڵاو کراوەتەوە، دەریخستووە کە خواردنەوەی قاوە بە کەمتر لە هەشت کاژێر پێش خەوتن، کاریگەریی نەرێنی لەسەر کواڵیتیی خەو دەبێت، ئەمەش دوای شیکاریکردنی 24 توێژینەوەی پێشووتر لەسەر پەیوەندیی نێوان کافایین و خەو دێت.
بەپێی ئەنجامەکان، خواردنەوەی کوپێک قاوە کە نزیکەی 107 ملیگرام کافایینی تێدایە، ئەگەر کەمتر لە 8 کاژێر پێش خەوتن بخورێتەوە، رەنگە ماوەی خەو کەمبکاتەوە و کواڵیتییەکەی تێکبدات، بۆ نموونە:
- ئەگەر کاژێر 10ی شەو دەخەویت، باشترە دوایین کوپە قاوەت نزیکەی کاژێر 1ی نیوەڕۆ بێت.
- ئەگەر کاژێر 11ی شەو دەخەویت، دەتوانیت تاوەکو نزیکەی کاژێر 2ی نیوەڕۆ قاوە بخۆیتەوە.
بەراورد بەو کەسانەی خواردنەوە وزەبەخشەکان یان تەواوکەرە خۆراکییەکانی پێش وەرزشکردن بەکاردەهێنن، پێویستە زووتر وازی لێ بهێنن، چونکە رێژەی کافایینیان بەرزترە، توێژەران دەڵێن یەک ژەمی ئەم خواردنەوانە کافایینی نزیکەی دوو کوپ قاوەی تێدایە و پێویستە بەلایەنی کەمەوە 13 کاژێر پێش خەوتن لێی دووربکەویتەوە، بۆ نموونە:
- ئەگەر کاژێر 11ی شەو کاتی خەوتنت بێت، نابێت دوای کاژێر 9:30 خولەکی بەیانی ئەو جۆرە خواردنەوانە بخۆیتەوە.
کافایین چۆن رێگری لە خەو دەکات؟
کافایین، کاریگەریی مادەی "ئادینۆسین" لە جەستەدا رادەگرێت، ئادینۆسین لە ماوەی رۆژدا لە لەشدا کۆدەبێتەوە و وا دەکات هەست بە خەواڵوویی بکەیت کاتێک کاتی نووستن نزیک دەبێتەوە، کاتێک کافایین رێگری لە کاری ئادینۆسین دەکات، جەستە بۆ ماوەیەکی درێژتر بەئاگایی دەمێنێتەوە.
ئەنجامەکانی توێژینەوە ئوسترالییەکە دەریدەخەن خواردنەوەی کافایین لە کاتێکی درەنگدا دەتوانێت:
- کۆی ماوەی خەو نزیکەی 45 خولەک کەمبکاتەوە.
- کاتی پێویست بۆ خەولێکەوتن نزیکەی 9 خولەک زیاد بکات.
- ماوەی خەوی قووڵ کەمبکاتەوە، کە بۆ وەرگرتنەوەی وزە و فرمانەکانی جەستە.
رێژەی رێگەپێدراوی کافایین بە گوێرەی دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA)، رێنوێنی دەدات کە کەسانی پێگەیشتوو رۆژانە زیاتر لە 400 ملیگرام کافایین بەکارنەهێنن، بۆ زانینی بری کافایین لە خواردنەوەکان:
- یەک کوپ قاوە: 80 بۆ 100 ملیگرام کافایین.
- یەک کوپ چا: 15 بۆ 70 ملیگرام کافایین.
- خواردنەوەی وزەبەخش: 80 بۆ 300 ملیگرام کافایین.

.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)