رووداو - تەندروستی
د. ئیرینا کراشکینا، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان رایگەیاند، میوزیک نەک تەنیا کاریگەریی لەسەر باری دەروونیی مرۆڤ هەیە، بەڵکو کاریگەری لەسەر دڵ و لوولەکانی خوێن هەیە، تەنانەت کاریگەری لەسەر پەستانی خوێنیش هەیە.
بە گوتەی ئەو پسپۆرە، وەڵامدانەوەی جەستە بۆ میوزیک پەیوەستە بە شێوازی لێکدانەوەی دەنگەکان لەلایەن مێشکەوە و وەڵامدانەوەی سۆزداریی بۆیان، لە رێگەی کۆئەندامی دەمارەوە، میوزیک دەتوانێت هاوسەنگیی چالاکیی نێوان هەردوو سیستمی دەماریی سیمپاساوی و پاراسیمپاساوی بگۆڕێت، کە بەرپرسن لە ئاگایی و حەسانەوە.
د. کراشکینا دەڵێت:"میوزیکی خێرا، ریتمی بەرز لەوانەیە ئاگایی زیاد بکات، لێدانی دڵ و هەناسەدان خێراتر بکات و ئاستی پەستانی خوێن بۆ ماوەیەکی کاتی بەرز بکاتەوە، بەڵام پارچە میوزیکە هێواشەکان کە ریتمێکی نەرمییان هەیە، زۆربەی کات یارمەتیدەرن بۆ حەسانەوە، هێواشکردنەوەی لێدانی دڵ و کەمێک دابەزاندنی ئاستی پەستانی خوێن".
توێژینەوەکە دەریخستووە، کە گوێگرتن لە میوزیکی هێمن، رەنگە ئاستی پەستانی خوێن و دڵەڕاوکێ کەمێک دابەزێنێت، تەنانەت لەو کەسانەشدا کە بەدەست بەرزیی پەستانی خوێنەوە دەناڵێنن، هەندێک لە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەم کاریگەرییە ئەرێنییە دوای دانیشتنەکانی گوێگرتن بۆ ماوەی 20 بۆ 30 خولەک تێبینی کراوە.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییە دەروونییەکان، میوزیک ناتوانێت جێگەی چارەسەری بەرزیی پەستانی خوێن بگرێتەوە، بەڵکو تەنیا وەک رێگەیەکی تەواوکەر بۆ حەسانەوە و کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی بەکاردەهێندرێت. بێگومان، تایبەتمەندییە تاکەکەسییەکان، وەک تەمەن، ئاستی گوشاری دەروونی و باری تەندروستی، رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن.


