رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئیسڕائیل دەریدەخات، دووبارەکردنەوەی نەشتەرگەریی جوانکاری لەوانەیە ببێتە ئاڵوودەبوون.
توێژینەوەکەی زانکۆی عیبری ئۆرشەلیم لە ئیسڕائیل، کە لەسەر 1,614 خانم لە تەمەنی 25 بۆ 71 ساڵ ئەنجامدراوە، دەریخستووە کە 20%یان مەترسیی مامناوەند بۆ توندی ئاڵوودەبوونیان لەسەرە، هەروەها ئەو خانمانەی رێزیان بۆ جەستەیان کەمترە، ئەگەری زۆرترە تووشی ئالوودەبوونی رێکارە جوانکارییەکان ببن، بەتایبەتی کاتێک کە بەهۆی کاریگەرییەکانی سۆشیاڵمیدیاوە بێت.
توێژەرانی زانکۆ ئیسڕائیلیەکە، جەختیان لەوە کردەوە کە توێژینەوەکە بەو مانایە نییە کە رێکارە جوانکارییەکان زیانبەخشن، بەڵکو ئاماژە بەوە دەکەن کە لە هەندێک حاڵەتدا، رەنگە رەفتاری هاوشێوەی ئاڵوودەبوون دروست بکەن.
کۆمەڵەی نێودەوڵەتی نەشتەرگەریی جوانکاری ئاماژە بەوەدەکات دەستێوەردانە جوانکارییەکان لە جیهاندا لەنێوان ساڵانی 2019 بۆ 2023 نزیکەی 40% زیادیکردووە.



