رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکیی زانکۆی ستانفۆرد، دەریخستووە لابردنی خواردنە زۆردەستکاریکراوەکان لە لیستی خواردنی قوتابخانەکاندا سوودی تەندروستی بۆ منداڵان هەیە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە لەڕووی دارایی و لۆجستییەوە بۆ قوتابخانەکان ئاسان نییە.
توێژینەوەکە، هەڵسەنگاندنی بۆ یاسایەکی نوێ لە کالیفۆرنیا کردووە کە قوتابخانە گشتییەکان پابەند دەکات لە ساڵی 2029ـەوە دەست بە کەمکردنەوەی خۆراکە زۆردەستکاریکراوەکان بکەن و تاوەکو 1ی تەممووزی 2035 بە تەواوی لە لیستەکانیاندا نەیانهێڵن.
خۆراکە باوەکانی نێو قوتابخانەکان وەک ژەمە ئامادەکراوەکان، پیتزای بەستوو، ماستی تامدارکراو، زۆرجار بە خواردنی زۆردەستکاریکراوەکان پۆلێن دەکرێن، چونکە بڕێکی زۆر شەکر، چەوری، خوێ و مادەی دەستکردی زیادکراویان تێدایە.
توێژەران، بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەکەیان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بەڕێوەبەرانی خزمەتگوزاریی خواردن لە 20 ناوچەی پەروەردەیی لە دۆڵی سان واکین لە کالیفۆرنیا کردووە، کە ناوچەیەکی کشتوکاڵییە و ژمارەیەکی زۆر خێزانی کەم دەرامەتی لێ دەژی.
بەڕێوەبەرانی خزمەتگوزاریی خواردن، ئاماژەیان بەوە کردووە کە رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبنەوە، لەوانە گرانبوونی نرخی پێکهاتە خۆراکییە فرێشەکان، نەبوونی چێشتخانەی گونجاو بۆ ئامادەکردنی خواردن لە سەرەتاوە، کەمیی کارمەند و شارەزایی، هەروەها کێشەی دابینکردنی بەردەوامی پێکهاتە خۆراکییە فرێش و خۆماڵییەکان.



