رووداو - تەندروستی
پزیشکانی ئەمریکی رێکارێکی پزیشکییان دۆزیوەتەوە کە بە داخستنی چەند لوولە خوێنێکی بچووک لە ناو چۆکدا، ئازاری رۆماتیزم و داڕمانی جومگە بە رێژەیەکی زۆر کەم دەکاتەوە و نەخۆش لە نەشتەرگەری قورسی گۆڕینی چۆک رزگار دەکات.
د. لی کازادابان، پسپۆڕ لە بواری تیشکناسی و چارەسەرکردن لەڕێگەی لوولە خوێنەکانەوە لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی کۆلۆرادۆ لە ئەمریکا دەریخستووە، بۆرییەکی تەنک لەڕێگەی لوولەیەکی خوێنی گەورەوە دەگەیەنێتە ئەو لوولە خوێنە بچووکانەی دەوری چۆک کە بوونەتە هۆی هەوکردن و ئازار.
لەڕێگەی ئەم بۆڕییەوە، دەنکۆڵەی زۆر وردی مایکرۆسکۆپی دەنێردرێن، کە وەک بەربەستێک کار دەکەن و ئەو لوولە خوێنە زیانبەخشانە دادەخەن. بە داخستنیان، رۆیشتنی خوێن بۆ شوێنی هەوکردنەکە کەم دەبێتەوە، کە دەبێتە هۆی هێوربوونەوەی هەوکردنەکە و نەهێشتنی ئازار.
ئەنجامی تاقیکردنەوەکان دەریدەخات، لە 70٪ نەخۆشەکان ئازارەکەیان بۆ نیوە یان زیاتر کەمبووەتەوە، هەندێکیان بە تەواوی بێ ئازار بوون و پاش چەند کاژێرێک لە نەخۆشخانە گەڕاونەتەوە ماڵەوە.
ئەم رێکارە باشترین هەڵبژاردەیە بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشیی چۆکیان لە قۆناخی سووک تا مامناوەنددایە و دەیانەوێت خۆیان لە نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگە بەدووربگرن. هەروەها، چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا بۆ ئازاری شان و جومگەکانی دیکەش بەکاربهێنرێت.



