رووداو - تەندروستی
هێزی جەستەیی تەنیا بۆ جوانی نییە، بەڵکو پێوەرێکی سەرەکییە بۆ دیاریکردنی ئەگەری ژیانێکی درێژتر و تەندروستتر.
توێژینەوەیەک دەیسەلمێنێت، ئاستی لەشجوانی، هێزی ماسوولکەکان و توانای جووڵەی مرۆڤ، پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە درێژی تەمەن و پاراستنی تەندروستییەوە هەیە.
ناوەندی تەندروستیی گشتی لە ئەمریکا دەریخستووە، لە ئەنجامی شیکردنەوەی چەندین توێژینەوەی گەورەدا کە چاودێری هەزاران کەسیان کردووە، چەند پێوەرێکی سەرەکی دەتوانن تەمەنی مرۆڤ دیاری بکەن و تەندروستری بکەن. گرنگترین ئەم پێوەرانە بریتین لە:
- هێزی دەست
- خێرایی و توانای پیاسەکردن
- توانای بەرگەگرتنی دڵ و سییەکان
بەپێی توێژینەوەکە، ئەو کەسانەی لە رووی جەستەییەوە چالاکترن و ماسوولکەی بەهێزتریان هەیە، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییە کوشندەکان، وەک نەخۆشییەکانی دڵ، بەشێوەیەکی بەرچاو کەمترە.
پزیشکانی ناوەندەکە دەڵێن، "وەرزشکردن تەنیا بۆ دابەزاندنی کێش نییە، بەڵکو گرنگترین هۆکارە بۆ پاراستنی تەندروستی لە ساڵانی داهاتوودا، ئەنجامدانی راهێنانی سادەی هێز و پیاسەکردنی بەردەوام، بۆ ئەوەی جەستە بە تەندروستی و بەهێزی بمێنێتەوە".



