رووداو - تەندروستی
ئازاری سووڕی مانگانە، یەکێکە لەو گرفتانەی رووبەڕووی بەشێکی زۆری ئافرەتان دەبێتەوە و کاریگەریی لەسەر ژیانی رۆژانەیان دادەنێت. توێژینەوەیەکی نوێ، رێگەیەکی ئاسان بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئازارە دەخاتەڕوو کە بریتییە لە خواردنی شلیک.
توێژەران لە زانکۆی هۆیلڤا لە وڵاتی ئیسپانیا، توێژینەوەیەکیان لەسەر 64 ئافرەتی تەمەن 18 بۆ 35 ساڵ ئەنجامدا کە بە شێوەیەکی بەردەوام ئازاری سووڕی مانگانەیان هەبوو.
بەشداربووان کران بە دوو گرووپەوە؛ گرووپێکیان بۆ ماوەی مانگێک رۆژانە نزیکەی 200 گرام شلیکی فرێشیان خوارد کە دەکاتە نزیکی 15 بۆ 20 شلکی قەبارە مامناوەند و گرووپی دووەمیش لەسەر رژێمی خۆراکی ئاسایی خۆیان بەردەوام بوون.
دوای مانگێک، دەرکەوت ئەو ئافرەتانەی رۆژانە شلیکیان خواردبوو، بە شێوەیەکی بەرچاو ئازاری سووڕی مانگانەیان کەمتر بوو هەروەها کاریگەرییەکە دوای مانگێکیش لە وازهێنان لە خواردنی شلیکەکە هەر بەردەوام بوو.
سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە، ئاماژەیان بەوە کرد، "شلیک دەوڵەمەندە بە ماددەی پۆلیفینۆڵ و ئەنسۆسیانین کە تایبەتمەندیی دژەئۆکسان و دژەهەوکردنیان هەیە و رەنگە هۆکاری کەمکردنەوەی ئازارەکە بن."


