رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی زانستی دەریدەخات، خواردنەوەی قاوە و ئەو خواردنەوانەی کافایینیان تێدایە، دەتوانێت کواڵیتیی خەوی قووڵ بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکاتەوە، تەنانەت ئەگەر نەبێتە هۆی دواکەوتنی خەویش.
بەگوێرەی توێژینەوەکە ئەو تاقیکردنەوەی لەسەر شەپۆڵەکانی مێشک (EEG) ئەنجامداوە، کافایین دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی شەپۆڵە هێواشەکانی مێشک، کە پێوەرێکی سەرەکین بۆ خەوی قووڵ و پشوودانی جەستە و مێشک.
ئەمەش واتای وایە، رەنگە کەسێک 8 کاژێری تەواو بخەوێت، بەڵام لە رووی بایۆلۆژییەوە مێشکی پشووی پێویستی وەرنەگرتبێت، چونکە کافایین شێوازی چالاکیی مێشک بەرەو ئاگابوونەوە دەبات، بێ ئەوەی کەسەکە هەستی پێ بکات.
کاریگەریی کافایین لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت و پەیوەستە بە بۆماوەیی و زیندەچالاکی، تەمەن و باری جەستەیی، بۆ هەندێک کەس خواردنەوەی قاوەی بەیانیانیش کاریگەریی نەرێنی لەسەر خەوی شەویان دەبێت.
کاتێک کواڵیتیی خەو بەهۆی کافایینەوە کەم دەبێتەوە، کەسەکە رۆژی دواتر هەست بە ماندوێتییەکی زیاتر دەکات و ناچار پەنا بۆ خواردنەوەی کافایینی زیاتر دەبات، ئەمەش بازنەیەکی بەتاڵ لە ماندووێتی و پشتبەستن بە کافایین دروست دەکات.
پرۆفیسۆر دۆناتا کورپاس، لە تیمی توێژینەوەکە دەڵێت، "کافایین نە باشە و نە خراپ، بەڵکو ماددەیەکی چالاکی بایۆلۆژییە کە کاریگەرییەکەی بەپێی بڕ و کاتی خواردنەوە، تەمەن و شێوازی ژیانی کەسەکە دەگۆڕێت".
ئەم دۆزینەوەییە تێڕوانینی زانایانی گۆڕیوە و ئێستا تەرکیزی سەرەکی تەنیا لەسەر "کاژێرەکانی خەوتن" نییە، بەڵکو لەسەر ئەوەیە کە ئایا مێشک لە کاتی خەودا بەڕاستی پشوو وەردەگرێت یان نا.



