رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک کە لە زانکۆی عیبریی ئۆرشەلیم لە ئیسرائیل ئەنجامدراوە، دەریدەخات کە خواردنی خۆراک لەگەڵ کەسانی دیکەدا، بەتایبەتی ئازیزان، یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن دوای ژەمەکان.
توێژەرانی زانکۆ ئیسرائیلییەکە بۆیان دەرکەوتووە، دوای خواردنی هەمان ژەمی کاربۆهیدرات، ئەو بەشداربووانەی لەگەڵ کەسانی دیکەدا خۆراکیان خواردووە، ئاستی بەرزبوونەوەی گلوکۆزیان کەمتر بووە و زووتر گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی ئاسایی، بە بەراورد بەو کاتانەی بە تەنیا بوون.
پڕۆفیسۆر د. شیر ئاتزیل، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی ئۆرشەلیم لە ئیسرائیل دەڵێت: "فیسیۆلۆژیای مرۆڤ بە شێوەیەکی سرووشتی کۆمەڵایەتییە، نزیکبوون لە کەسێک کە خۆشت دەوێت، ئەو وزە جەستەییە کەم دەکاتەوە کە جەستەت بۆ رێکخستنی خۆی خەرجی دەکات، ئەمە سوودێکی راستەوخۆی زیندەچالاکیمان پێدەبەخشێت لە پێکەوەبووندا''.
بەپێی کۆمەڵەی شەکرە لە ئەمریکا؛ نەخۆشییەکە دەکرێت ئەم لێکەوتانەی خوارەوە دروستبکات ئەگەر کۆنتڕۆڵ نەکرێت؛
- تێکچوونی بینایی
- جەڵتەی مێشک
- لاوازبوونی فەرمانەکانی دڵ
- برینی پێ
- سستبوونی گورچیلەکان
- لاوازبوونی سووڕی خوێن
- لاوازبوونی هەستەوەرەکان و دەمار



