رووداو - تەندروستی
لە تاقیگەیەکی توێژینەوە لە شێرپەنجە لە فەرەنسا، کۆمەڵێک نموونەی شانەی شێرپەنجەیی لەسەر چیپ دەچێندرێن. توێژەرانی پەیمانگەی کیوری لە پاریس دەیانەوێت، پێش ئەوەی چارەسەر بە تووشبووی شێرپەنجە بدەن، لەسەر نموونەی سەر چیپەکان تاقیان بکەنەوە و کاریگەریی چارەسەرەکان بزانن.
هۆکاری ئەوەی چیپەکانیان هەڵبژاردووە ئەوەیە کە بە تەکنەلۆژیاوە بیبەستنەوە و ئاگاداری هەموو گۆڕانکارییەکی خانە شێرپەنجەییەکە بن.
د. فلۆرێنس کۆوسی، پسپۆڕی شێرپەنجە لە پەیمانگەی کیوری لە پاریس دەڵێت: شێرپەنجەی مەمک لەنێو گەنجدا چەند تایبەتمەندییەکی دیاریکراوی هەیە. یەکێک لە سەرەکیترینیان رێژەی بەرزی ئەو جۆرەی شێرپەنجەی مەمکە کە پێی دەگوترێت "سێ-نێگەتیڤ"، کە دەرمان کەمتر کاریگەریی لەسەر دەکات و نزیکەی 10٪ـی تووشبووانی شێرپەنجەکە، ئەمەیان هەیە.
ئەنجامەکانیش 90٪ هاوتا بووە لەگەڵ تاقیکردنەوەی خانەکان لەنێو شانەی زیندوودا.
د. ستیفانی دیسکرۆیکس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە گوتی، ''بیرۆکەکە دروستکردنی جۆرێکە لە نموونەی هاوشێوەی نەخۆش، ئێمە نموونەیەک لە خانەکانی نەخۆش وەردەگرین و لەسەر چەندین چیپی بچووک گەشەیان پێدەدەین، پاشان ئەو چارەسەرە جیاوازانە تاقیدەکەینەوە کە بۆ نەخۆشەکە گونجاون و لەوێوە دەزانین کامیان باشتر کار دەکات بۆ گرێ شێرپەنجەییەکە''.
ئەم تاقیکردنەوانە بۆ ئەوەن کە ئیدی لەبری تاقیکردنەوەی دەرمان لەسەر مرۆڤ و خانەی زیندوو، تەکنەلۆژیا و چیپ بەکاربێن تاوەکو ئەنجامەکان کاریگەرتر و خێراتر بەدەستبهێندرێن.



