رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون رایدەگەیێنێت، لەکۆی 7 بۆ 8 خانمێک، یەکێکیان کیسی هێلکەدانی هەیە و رەنگە زیاتریش بێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 15-9-2026 د. پەروا هێمن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە بووڵتەنی تەندروستیدا کە نمە سەرهەنگ پێشکێشی دەکات، باسی هۆکاری کۆنیشانەی فرەکیسی هێلکەدان دەکات و دەڵێت: بۆماوەیی، بەرگریی ئەنسۆلین، کەمیی وەرزش و قەڵەوی و کێشزۆری دەشێت هۆکاری سەرەکی بن.
زۆرێک لە خانمان نازانن کە تووشی کۆنیشانەی کیسی هێلکەدان بوون، د. پەروا دەڵێت، هەر خانمێک گۆڕانکاری لە سووڕی مناگانەی هات یاخود مووی جەستە و رووخساری زۆر بوو، دەکرێت تووشبووی کۆنیشانەکە بێت.
ئەو پسپۆڕە رێنوێنیی خانمان دەکات، پشکنینی تاقیگەیی و سۆنەر بکەن بۆ ئەوەی بە زوویی کۆنتڕۆڵی کێشەکە بکرێت.
کیسی هێلکەدان کێشەیەکی بەربڵاوی نێو خانمانە و چەند رێگەیەک بۆ پێشگیری لێی ئەمانەن؛
- دابەزاندنی کێش و کێشڕێکی
- دوورکەوتنەوە لە خۆراکە خێراکان
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە گازییەکان
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان
- وەرزش و جووڵەی رۆژانە
- رێکخستنی کاتی خەو


