رووداو - تەندروستی
چارەسەرکارێکی دەروونی رایدەگەیێنێت، گەنجی ئێستا لەڕووی دەروونییەوە کێشەی شووناسی هەیە و نازانێت ئامانجی لە ژیاندا چییە و بۆچی دەژی؛ تەنانەت پاڵنەریان نییە و بەشێکی زۆریشیان هەست بە تەنیایی دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 26-10-2026 تێکۆشەر ئارام، چارەسەرکاری دەروونی لەنێو بووڵتەنی تەندروستیدا گوتی: خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و زەبری دەروونی کێشە باوە دەروونییەکانی گەنجانن لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا کە کەمێک رێژەی ئەو کێشانە لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق کەمترە.
بەگوتەی تێکۆشەر ئارام، کاتێک گەنج خۆی بەراورد بە کەسانی دیکە دەکات، یاخود پەستانێکی زۆری دەروونی لەسەر دەبێت، ئیدی نامۆ و بێ هیوا دەبێت کە ئەمەش هەستی خۆبەکەمزانینی لەلا دروستدەبێت.
ئەو چارەسەرکارە باسی ئەو توێژینەوانە دەکات کە لەسەر کوردانی دیاسپۆڕا کردوویانە و روونی دەکاتەوە، زۆرینەیان تووشی کێشەی کۆمەڵایەتی و نەگونجاندن لەگەڵ ئەو کولتوورەی کە لە وڵاتانی دەرەوە هەیە، بوونەتەوە.
لەبارەی پڕۆژەیەکی نوێی دەرووندروستی و راوێژی دەروونییەوە تێکۆشەر ئارام باسی پلاتفۆڕمێک دەکات بە ناوی 'KurdTherapy' کە تایبەتە بە پاڵپشتی و راوێژی ئۆنڵاینی دەروونی لەلایەن کەسانی شارەزا و تایبەت بە بوارەکە، ئەو دەڵێت، ئەوە رەخساندنی دۆخێکە بۆ گوێگرتن لە کێشە و ئازارەکانی خەڵک و پاشانیش تێگەیشتنیانە لێیان تاوەکو رێگەچارەی دروستیان بۆ بدۆزنەوە.
راپۆرتێکی نێوخۆیی کە لە عێراقدا کراوە ئاشكرای دەکات، لەکۆی 18 پارێزگای عێراق کە بەشێکی زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستانیشی تێدابووە، 12٪ـی خەڵک دڵەڕاوکێی تووندیان هەبووە و 20.4٪ـیش خەمۆکی تووند. (درێژەی بابەت بخوێنەرەوە)



